فوئاد حسێن: لەسەر داواى تۆم باراک زەیدى نێوەندگیرى لەنێوان ئەمریکا و ئێران کرد

پووختەى هەواڵ

  • عێراق لە ململانێى نێوان ئەمریکا و ئێران بێلایەنى هەڵبژاردووە.

  • جگە لە عێراق چەندین وڵاتى دیکە نێوەندگیرییان لەنێوان ئەمریکا و ئێران کردووە.

  • تاوەکو ئێستا هەوڵى نێوەندگیرەکان بە ئاکام نەگەیشتووە.


فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، عەلى زەیدى لەسەر داواى تۆم باراک نێوەندگیرى لەنێوان ئەمریکا و ئێران کردووە، بەڵام ئێران جەختى لە مەرجەکانى پێشووى خۆی بۆ گفتوگۆ کردووەتەوە.


فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق:

  • ئەم دۆخەى ئێستا کە نە شەڕ نە ئاشتییە، قورسە بۆ سەرجەم گەلانى ناوچەکە.

  • پێویستە لایەنە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە سەر مێزى دانوستان و سەقامگیرى بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

  • نێوەندگیریى جیاواز لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، نێوەندگیریى سەرەکى، عوممان و پاشان پاکستانە و قەتەر.

  • سەرۆکوەزیرانى عێراقیش هەوڵى نێوەندگیریى داوە.

  • عەلى زەیدى لەسەر داواى تۆم باراک هەوڵى نێوەندگیرى لەنێوان ئەمریکا و ئێران داوە.

  • ئێران جەختی لەهەمان ئەو حەوت مەرجە کردووەتەوە کە پێشتر داوایانکردووە و دواى جێبەجێکردنى ئەو مەرجانە، ئینجا دەچنە گفتوگۆوە لەبارەى دۆسیەى ئەتۆمى.

فوئاد حسێن لەبارەى هەناردەى نەوت لە گەرووى هوورمز:

  • ڕاوەستانى هەناردەى نەوت زیانێکى زۆرى بە عێراق گەیاند.

  • عێراق نەوەستا دەستى بەگفتوگۆ کرد بۆ هەناردەى نەوتەکەى و دواجار نەوتەکەى هەناردەکرد.

  • ئێستا هوورمز و هەناردەى نەوت لەو گەرووەوە بووەتە چەکێک بە دەستى ئێرانەوە لە دژى ئەمریکا بەکاریدەهێنێت و نرخى نەوتى پێ بەرزدەکاتەوە کە ئەمە لە بەرژەوەندیى ئەمریکا نییە.

لەبارەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، فوئاد حسێن دەڵێت" گفتوگۆ بۆ چەکدانانى گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکان کە بەشێکن لە ململانێ نێودەوڵەتییەکە، ئامادە نەبوون چەکەکانیان ڕادەستبکەن، بەڵام بۆچوونى سەرەکى و فەرمى ئەوەیە کە زمانى گفتوگۆ بەردەوامبێت لە جیاتى زمانى هێز.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

عەلى زەیدى هەینى لە تاران بووە؛ ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى هات

Loading related news...