پسپۆڕێک: دەشێت دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش ببنەهۆی نەزۆکی
بوونی کێشێکی گونجاو و مامناوەند، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ درێژەدان بە ژیانێکی تەندروست و بێکێشە. دابەزین یان زیادبوونی کێشی جەستە، هەردووکیان گرفتن و پێویستە راستەوخۆ هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدرێت، چونکە دەکرێت هۆکاری پشت گرفتەکە، تووشبوون بە نەخۆشییەک بێت کە رەنگە تاوەکو ئەو ساتە هەستی پێنەکرابێت. لەم راپۆرتەدا تیشکدەخرێتە سەر بابەتی دابەزینی کێشی جەستە و سەرجەم رەهەندە نەرێنییەکانی بەوردی باسدەکرێن.
هۆکارەکانی کەمیی کێش
کەمیی کێش یەکێکە لە گرفتە تەندروستییە باوەکانی رۆژگاری ئەمڕۆ کە بەشێکی هاونیشتیمانییان بەدەستییەوە دەناڵێنن و بەهۆیەوە رووبەڕووی چەندین تەنگژەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.
سەبارەت بەم پرسە، د. کامەران ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک، بە کەناڵ8ـی راگەیاند ”هۆکارەکانی کەمیی کێشی جەستە زۆرن، یەکێک لەوانە کەمیی خواردنە، واتا دەکرێت بەهۆی هەژارییەوە کە لە هەندێک وڵات کێشەیەکی سەرەکییە، “. خەڵکی نەتوانن خواردنی دڵخوازی خۆیان بکڕن
”هۆکارێکی دیکە بێتواناییە لە قووتدانی خواردندا. رەنگە ئەو کەسانەی گرفتی دەم و ددانیان هەیە، نەتوانن بەئاسانی خواردنەکان قووتبدەن و لە ئەنجامدا کەسەکە لە رووی کێشەوە لاوازببێت. کەمیی ئارەزووی کەسەکەش، گرفتێکی دیکەیە کە دەکرێت بەهۆی تووشبوون بە بەکتریای گەدە، ئەنفلۆنزا و پەتا بڵاوەکانەوە بێتەئاراوە. دواجار رەنگە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانیش دووبارە هۆکاربن بۆ دابەزینی کێش، بۆنموونە نەخۆشیی شەکرە، دڵەڕاوکێ، فشاری دەروونی و ژمارەیەک نەخۆشیی دیکە.“
لێکەوتە نەرێنییەکانی کەمیی کێش
پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوەدا ”ئەوانەی کێشیان کەمە، جگەلەوەی لاواز دەردەکەون، هاوکات رەنگیشیان تاڕادەیەک زەرد خۆی دەنوێنێت. لەلایەکی دیکەوە کەسەکە تووشی کەمیی ڤیتامین، شکانی نینۆک، قژڕووتانەوە، کەمخوێنی، ژانەسەر، بێتوانایی لە جووڵە، بورانەوە، دابەزینی توانای بیرکردنەوە، درەنگ ساڕێژبوونی برین، فشەڵبوونی ئێسک، شینبوونەوەی پێست، لاوازبوونی لایەنی دەروونی و چەندین لێکەوتی نەخوازراوی جۆربەجۆری دیکە دەبن.
دەرمانە نایاساییەکان بەکارمەهێنن!
پسپۆڕەکە جەختی لەسەر ئەم پرسە کردەوە و داوای لە هاونیشتیمانییان کرد دووربن لە دەرمانە نافەرمییەکان ”لەڕووی زانستییەوە هیچ بەرهەمێکی پزیشكی نییە بۆ دابەزاندنی کێش کە 100% کاریگەربێت، دەرمانە ئۆنڵاینەکان بانگەشەی ساختە و بێبنەما بۆ دەرمانەکان دەکەن. لەڕاستیدا لە رۆژگاری ئەمرۆدا، ئەمە وەکو بەڵایەکی مەترسیداری لێهاتووە. پێویستە وەرگرتنی دەرمانی دابەزاندنی کێش لەڕێگەی راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕەوە بێت، ئەگەر وا نەکرێت مەترسیدارە چونکە دەکرێت ئەم دەرمانە نایاساییانە کەسەکە تووشی چەندین ماکی مەترسیدار بکەن، لەوانەش گرفتی گورچیلە و نەزۆکی.
چۆن کێشێکی تەندروستمان هەبێت؟
پەیوەست بەم پرسە، پزیشکەکە گوتی ”رێکخستنی خەو و خواردن، دوو کۆڵەکەی سەرەکیی بەدەستهێنانی کێشێکی گونجاون. ئاو خواردن زۆر گرنگە، بەڵام باشترە لە میانی ژەمەکاندا کەمتر ئاو بخورێتەوە. خواردنی چەرەس لەنێوان ژەمەکاندا زۆر بەسوود و پێویستە. وەرزشکردنیش لایەنێکی دیکەی گرنگە، پێویستە وەرزشبکرێت، بەڵام هێندە وەرزشێکی توند نەبێت کە ببێتەهۆی لەدەستدانی کێش. ئەم رێنماییە تایبەتە بەوانەی کێشی لەشیان کەمە و دەکرێت پەیڕەوکردنی ئەم رێگەچارەسەرانە کێشێکی خوازراویان پێببەخشێت.“
26/06/2024