
فاینەنشیاڵ تایمز دەڵێت، ئیسرائیل پلانی دانابوو، سەرەتای ئەم مانگە هێرشێکی گەورەی سەربازیی بکاتەوە سەر ئێران.
ترەمپ ڕێگریی لە هێرشەکەی ئیسرائیل کردووە و نایەوێت بەر لە هەڵبژاردنەکانی 3ی مانگی داهاتوو لە ئەمریکا جەنگەکە دەست پێ بکاتەوە.
بەگوێرەی فاینەنشیاڵ تایمز، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکە کردووە خۆیان بۆ هێرشێکی چەند ڕۆژە بۆ سەر ئێران لە 10ی تشرینی یەکەم ئامادە بکەن.
ئیسرائیل ویستویەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، وێستگەکانی وزە و دامەزراوە سڤیلەکان بکاتە ئامانج.
هێرشەکەش درێژکراوەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت کە لە مانگی شوباتی ڕابردوو دەستیانپێکرد.
ئۆپراسیۆنەکە بەهۆی ڕەخنەکانی ترەمپ ڕاگیراوە.
ئەم زانیارییانەش لە کاتێکدایە کە بەردەوام هەر یەک لە ترەمپ و نەتانیاهوو هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دژ بە تاران دەکەن، سەرچاوەیەک لەسەر ئەمە بە فاینەنشیاڵ تایمزی گوتووە، لە چەند هەفتەی داهاتوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هێرشە دەکرێت و ڕەنگە ئەمریکا و ئیسرائیلیش پێکەوە بەشداربن.
یان ئەوەتا ڕێککەوتن دەکرێت یان ئەوەتا هێرش دەکرێت.
واشنتن دەیەوێت ئێران ناچاری ڕێککەوتنێک بکات کە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار دەکات.
گەرووی هوورمزیش لە ژێر کۆنترۆڵی دەردەهێنێت.
هەواڵگریی ئیسرائیل لیستێکیان بۆ ئەمریکییەکان ئامادەکردووە کە ئەو بنکانەی تێدایە کە لە ئێران دەیانکەنە ئامانج.
لیستەکەش ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی تێدایە کە لە هێرشەکانی ڕابردوو هێرشییان نەکراوەتەسەر.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە، سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ نەتانیاهوو و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە واشنتن ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتەوە سەر تاران یاخود نا.
هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل نزیکبووەتەوە، سەرکردەی سوپای ئیسرائیل داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە هەموویان لە بنکەکانیان بمێننەوە تاوەکو پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی سەلامەت تێپەڕێت.




.jpg)