دەستەى حەج و عومرەى عێراق مانگى داهاتوو تیروپشک بۆ حاجییانی ساڵى داهاتوو دەکات

كەعبە؛ قیبلەی موسوڵمانان. فۆتۆ: AP
كەعبە؛ قیبلەی موسوڵمانان. فۆتۆ: AP

دواین کاروانى حاجییان لە سعودیەوە گەڕایەوە عێراق و مانگى داهاتووش دەستەى حەج و عومرەى عێراق تیروپشک بۆ بەشداربووانى حەجى ساڵى داهاتوو دەکات.

سامى مەسعودى، سەرۆکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق لە فڕۆکەخانەى بەغداد، کۆنفرانسێکى بە بۆنەى کۆتایهاتنى وەرزى حەج رێکخست و رایگەیاند، دەستەکەیان لە رووى دابینکردنى خزمەتگوزاریى و ئاسانکارییەکان بۆ حاجییان، پلەى یەکەمى لە ناو وڵاتانى بەشدار لە حەجى ئەمساڵ بەدەستهێناوە و لەلایەن وەزارەتى حەجى سعودیەوە خەڵاتکراوە.

گوتیشى، مانگى داهاتوو تیروپشک بۆ خوازیارانی نوێی حەج دەکەن، لەبەرئەوەى لە تیروپشکى رابردوودا نیوەى حاجیان وەرزى حەجى داهاتوو ماونەتەوە و لەگەڵ نیوەى ئەوانەى ناویان دەردەچێت بەشداریى حەجى ساڵى داهاتوو دەکەن.

بۆ حەجى ئەمساڵ 39 هەزار حاجیى عێراقى بەشداریى فەریزەى حەجیان کرد، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 685 حاجییان دانیشتووى هەرێمى کوردستان بوون.

لە وەرزى حەجى ئەمساڵدا 30 حاجیی هەرێمى کوردستان لەکاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەج گیانیانلەدەستدا، کە 29 حاجییان بە نافەرمى حەجییان کردبوو.