عێراق خەون بە خاڵێكی ترانزێتی جیهانییەوە دەبینێت
عێراق لە باشورەوە خەون بە خاڵێكی ترانزێتی جیهانیەوە دەبینێت، خەونەکەشی ئەوەیە، چین و ئەوروپا لەلایەك و كەنداوی عەرەبی و ئەوروپاش لەلایەكی دیكەوە پێكەوە دەبەستێتەوە.
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، زۆریك لە وڵاتان بە گرنگییەوە بۆى دەڕوانن، چین زۆر بە پەرۆشە، توركیاش دەستی هاوكاری و پشتیوانی بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە بەرزكردووەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت "پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، تەنها بۆ توركیا و عێراق گرنگ نییە، بەڵكو پرۆژەیەكی باڵای ستراتیژییە كە لە جوگرافیایەكی گەورەدا سود و خزمەت بە سەدان ملیۆن كەس دەگەیەنێت".
پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، بە گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی و ریشەیی دادەنرێت بۆ عێراقێكى پڕ لە كێشە، كە ئەو وڵاتە دەگۆڕێت بۆ وێستگەیەكی گەورەی گواستنەوە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا و دەبێتە ناوەندێكی بازرگانیی جیهانیش بۆ ئەم مەبەستە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، حكومەتەكەی بەردەوامە لە پێشخستنی پلانی پرۆژەی "رێگای گەشەپێدانی ئاوریشم، ئەمەش خەون نییە و بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە".
لەبارەی پرۆژەکەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە "لە 40 ساڵى داهاتوودا عێراق دەبێتە گرنگترین رێڕەوی بازرگانیی جیهانی، ئەم پرۆژەیە تەنها پەیوەست نییە بە عێراقەوە، بەڵكو بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش جێگەی گرنگی و بایەخە، چەند وڵاتێكیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریكردن لە تەواوكردنی پرۆژەكە".
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، لە بەندەری فاو لە بەسڕە دەستپێدەكات و بە 10پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت، دەگاتە توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، كە ماوەی گەشتە دەریاییەكان لە 33 رۆژەوە بۆ 13 رۆژ كەمدەكاتەوە، بەشێوەیەك بازاڕی چین دەچێتە ئەوروپا، بازاڕی ئەوروپا بۆ ئاسیا و بازاڕەكانی كەنداویش خۆی دەخزێنێتە نێو بازاڕی هیندستان، دەبێتە جێگرەوەی نۆكەندی سوێس لەمیسر.
بەڵام گومان لە ناوخۆی عێراقەوە هەیە سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامبوونی پڕۆژەكە تا كۆتایی، بەهۆی گرژییە سیاسییەكان لە ناوخۆ و ئاستی پەیوەندییە هەرێمایەتییەكان و كاریگەریی لەسەر ئەم رێگایە، وەک بەشێک لە میدیا باسی لێوەدەکەن.
17/09/2023