حکومەت مینحەى رزگاربووانى ئەنفال و زیندانیانى سیاسیى تاوتوێدەکات

باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

بڕیارە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبونەوەى ئەم هەفتەیەدا، تاوتوێى بەستنى مینحە بۆ زیاتر لە بیست هەزار زیندانى سیاسیى و رزگاربووانى جینۆسایدى ئەنفال بکات.

بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزاریى کاروبارى زیندانیانى سیاسیى و رزگاربوانى ئەنفالى سەر وەزارەتی شەهیدانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، نوسراوێکى بە ژمارە '325' ئاڕاستەى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، تێیدا داوایکردووە، بەگوێرەى یاساى ژمارە یانزەى 2011، مینحە بۆ 20 هەزار و 591 زیندانى سیاسیى و رزگاربوانى ئەنفال ببەسترێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى، بە کەناڵ8ـى گوت "پێشنیازەکە لەبەردەستماندایە و لەکۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممەى ئەنجوومەنى وەزیراندا تاوتوێدەکرێت". بڕیاریشە بەشى یاساى ئەنجوومەنى وەزیران، وردبینى بۆ لیستى ناوى زیندانیانى سیاسیى و رزگاربووانى ئەنفال بکات و لەو بارەیەوە راپۆرتێک ئامادەبکات.

ئەحمەد مام رەسوڵ، بەرێوەبەرى خزمەتگوزاریى کاروبارى زیندانیانى سیاسیى و رزگاربوانى ئەنفال، بە کەناڵ8ـى گوت "داوامان لە حکومەت کردووە تاوەکو ئەو کاتەى مینحەى زیندانیانى سیاسیى و رزگاربووانى ئەنفال لە بودجەى 2025ـى عێراق دەخرێتە سەر دەزگاى زیندانییەکانى عێراق، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە داهاتى ناوخۆ مانگانە بڕى هەشت ملیارو 827 ملیۆن و 750 هەزار دینار بۆ مینحەى زیندانیانى سیاسى و رزگاربوانى ئەنفال خەرجبکات.

رۆژى 10ـى ئەیلول ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، لەگەڵ نوێنەری زیندانیانی سیاسیی و رزگاربووانی ئەنفال کۆبووەوە و بەڵێنیدا دۆسیەکەیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.