دانیشتووانى پڕۆژەکە دەڵێن، دۆخى کارەبا خراپە و داواى سێ جۆر کرێشمان لێدەکرێت.
دانیشتووانى پڕۆژەکە درەنگانێکى شەوى ڕابردوو گردبوونەوە.
نەمانى کارەبا واى لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەولێر کردووە پەنا بۆ مۆلیدەکان ببەنەوە.
کاردانەوەکانى کەمبوونەوەى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى لە هەولێر بەردەوامە و درەنگانێکى شەوى ڕابردووش دانیشتووانى پڕۆژەى زەیتوون پڵەس گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، لەگەڵ ئەوەى کارەباکەیان کەمبووەتەوە، داواى سێ جۆر کرێى کارەبایان لێدەکەن.
لە دواى هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر، کارەباى نیشتمانى بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە.
ئێستا لە شارى هەولێر تەنیا دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت.
حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکانى هەولێر بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە.
پەنایان بۆ کارپێکردنەوەى مۆلیدە ئەهلییەکان بردووە.
ئەوەش بارى سەرشانى هاونیشتمانییانى قورسترکردووە.
بەشێک لە دانیشتووانى پڕۆژەى زەیتوون پڵەس گردبوونەوە.
لە دواى کەمبوونەوەى کارەبا چەند جۆرێک کرێى کارەبایان لێوەردەگیرێت.
لە دوایین بڕیاریشدا داوایان لێکراوە، بەمەتر پارەى کارەبا بدەن.
خاوەن مۆلیدەکان بەدەر لە پارەى کارەباى نیشتمانى داواى لێکردوون هەر ماڵێک 150 هەزار دینار بۆ کارەبا بدەن.
ناشزانن لەسەر چ پێوەرێک ئەو پارەیەیان لێوەردەگیرێت.
ڕاشیدەگەیێنن، ئێستا داواى سێ کرێى کارەبایان لێدەکەن، کە تواناى دابینکردنیان نییە.
دانیشتووانى پڕۆژەى زەیتوون پڵەس لە ڕێگەى کەناڵ8ـەوە داوا لەلایەنە بەرپرسەکان دەکەن، بە دەنگییانەوە بچن و گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
بە گوتەى دانیشتووانەکەیان، لە بەشێک لە پرۆژەکانى هەولێر پابەندى ئەو بڕیارانە نابن کەلەلایەن پارێزگارەوە بۆ کرێى کارەباى مۆلیدە دیاریکراوە و خاوەنى مۆلیدەکان دەڵێن: بڕى ئەو گازەى بۆ مۆلیدەکان بەکاریدەهێنن، زۆرە و ناتوانن بەوشێوەیە کارەبا بۆ پڕۆژەکان دابین بکەن.
قەیرانی کارەبا هاوشانی گەرما گەڕایەوە؛ گەرمیان 15 کاتژمێر بێ کارەبایە و لە هەولێر جیاکاری دەکرێت
زانیاریی کەناڵ8: ئەم هەفتەیە چاوەڕێی کارکردنەوەی دانەغاز مەبن
