دەزگای کەشناسیی ئێران: هەوای شەش گەورە شاری ئێران پیسە

ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

دەزگای کەشناسیی ئێران هۆشداریدەدات، هەوای شەش گەورە شار پیسە و داوا دەکات، خەڵک تاوەکو رۆژی دووشەممە خۆیان لە چوونەدەرەوە و هاتوچۆ بپارێزن، کۆمپانیای کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تارانیش رایگەیاند، هەوای تاران و 10 ناوچەی ئەو شارە لە دۆخی سووردایە.

دەزگای کەشناسیی ئێران هۆشداریی لەبارەی پیسبوونی هەوای شارەکانی تاران، کەرەج، ئەراک، مەشهەد، ئیسفەهان و ئەهوازدا و رایگەیاند، هەوای ئەو شارانە تاوەکو دووشەممە پیس دەبێت و داوای لە خەڵک کردووە، خۆیان لە هاتوچۆی ناپێویست، وەرزشکردن لە شوێنی کراوە بپارێزن و ژنانی دووگیان، بە ساڵاچووان، منداڵان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵ و سیییان هەیە، لە ماڵ نەچنە دەر.

هاوکات کۆمپانیای کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند، هەوای 10 ناوچەی ئەو شارە لە دۆخی سووردایە و بۆ هەموو تەمەنەکان خراپە.

لە حەوت مانگی رابردوودا لە تاران پێنج رۆژ هەوای پاک هەبووە، 163 رۆژ پاکیی هەوا مامناوەند بووە و 70 رۆژیش هەوای ناتەندروست بووە بۆ تەمەنە هەستیارەکان و دوو رۆژیش هەوای ئەو شارە ناتەندروست بووە بۆ هەموو تەمەنەکان.

ساڵی رابردووش بە گشتی 10رۆژ هەوای تاران پاک بووە و 107 رۆژیش هەوا بۆ گرووپە هەستیارەکان پاک نەبووە و 12 رۆژیش بۆ هەموو تەمەنەکان تەندروست نەبووە و رۆژەکانی دیکە دۆخی هەوای پایتەختی ئێران مامناوەند بووە.