
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیاز لەلایەن حوسییەکانەوە، بڵاوکردووەتەوە و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، حەوتی ئابى ڕابردوو، تورکیا و پاکستان و سعودیە ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان بە ناوی (رێککەوتننامەکەی بەرگریی مەککە) واژۆکرد و بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکە هێرش بۆ سەر هەر لایەنێکیان هێرشە بۆ سەر هەرسێکیان.
ڕێککەوتننامەکە تاوەکو ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندنەکراوە و تاوەکو پەسەند نەکرێت لەلایەن ئەنقەرەوە ناکەوێتە بواری جێبەجێکرنەوە.
لە بارەی هێرشەکانی سەر سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو، پشتیوانییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا بەگوێرەی داواکارییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت کە هێرشی کراوەتە سەر.
کۆبوونەوەى ڕێککەوتننامەى مەککە لە ڕیاز
پێنجی ئەم مانگە لیژنەی ستراتیجیی سیاسی و بەرگریی ڕێککەوتننامەی مەککە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و سوپاسالاری هەریەک لە تورکیا، سعودیە و پاکستان کۆبووەوە.
لە پاش کۆبوونەوەکەش ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو، "هەر هێرش یان هەڕەشەیەک لە دژی ئاسایشی سعودیە بێدوودڵی ڕەتدەکەنەوە و دەستبەجێ هەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکی پابەندبوونە بەرگرییە بەکۆمەڵەکان. هەروەها ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی هێز و توانا سەربازییەکان دەگرنەبەر.




