
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕایگەیاند، هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوامە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەشڵێت، هەواڵی بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی ڕەتدەکەینەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە داخستنی دەروازەکە و بڵاوەپێکردنى هێزى سەربازى دەکەن و دەڵێت: هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە و سەرجەم بەشەکان 24 کاتژمێر لە ئەرکدان.
سەرجەم هاونیشتمانییان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان ئاگادار دەکاتەوە کە دەروازەکە کراوەیە بۆ هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی.
سەرجەم ئەو هەواڵانەی کە ئاماژە بە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە کاتی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا تاکە دەروازە بوو هاتوچۆی تێدا ڕانەگیرا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاونیشتمانییان و گەشتیاراندان.
هەرکەناڵ و پەیجێک هەواڵی ناڕاست بڵاو بکاتەوە ڕێکاری یاسایی لەگەڵدا دەگرنە بەر و ڕووبەڕووی یاساى دەکەنەوە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە، لە دیوی ئێرانەوە هێزى سەربازى لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بڵاوەى پێکراوە و هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى ڕاگیراوە.
پێشتریش، دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەى ڕەتکردەوە کە باسیان لە دۆزینەوەی بۆریی نەوتی قاچاخ کرد لە لایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە.


