
بنەماڵەی میر کەریم خان برادۆستی لەسەر دانیشتنەکەى دوێنێى پەرلەمان هاتە دەنگ.
برادۆستییەکان جەخت لە بێلایەنى و نەبوونە بەشێک لە لێکترازانى زیاتر دەکەنەوە.
محەممەد فەیسەڵ برادۆستی بەشداری لە دانیشتنى کاراکردنەوەى پەرلەمان کردبوو.
ڕوونکردنەوەى بنەماڵەی میر کەریم خان برادۆستی بە کەناڵ8 گەیشت و تێیدا ئاماژەبەوەکراوە، ئەوەی دوێنێ سەبارەت بە بەشداریکردنی (محەممەد فەیسەڵ برادۆستی) لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕوویدا بڕیارێکى تەواو تاکە کەسییە و وەک بنەماڵە بەرپرس نین و گوزارشت لە بۆچوونى ئەوان ناکات.
هەمیشە خاڵی کۆکەرەوەو بەیەکگەیاندن و لە یەکنزیککردنەوەی لایەنەکان بووین لە هەرێمی کوردستان، نەک هۆکارێک بووبین بۆ لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
خانەوادەکەمان بە سەربەخۆیی و دوور لە هەر لایەنێکی سیاسی دەمێنتەوەو بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان.
محەممەد فەیسەڵ برادۆستی، لەسەر لیستى یەکێتى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، دوێنێ بەشداریى دانیشتنى پەرلەمانى کرد.
