
پێش پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بەرەو ناوچەکانی بابولمەندەب و پارێزگای تەعز، لیواکانی عمالقە لە ڕووبەڕێکی فراوانی یەمەندا بڵاوببوونەوە کە لە لەحج و بابولمەندەبەوە درێژدەبووەوە بۆ زاڵع، شەبوە و ئەبیەن و بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای مەئرەب.
لە پێنجی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنی سەربازی بە پاڵپشتی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە دژی حوسییەکان، جارێکی دیکە ناوی هێزە هاتەوە ناو دیمەنەکە و ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەرووی بابولمەندەب و دوورگەی مەیون وەک ئەوەی حکومەتی یەمەن ڕایگەیاندووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە عەرەبییەکان، گەنجانی سەلەفی بناغەی دامەزرێنەری هێزەکانی عمالقە بوون بۆ شەڕکردن لە دژی حوسییەکان لە شاری عەدەن لە ساڵی 2015 تاوەکو کۆنتڕۆڵکردنی شاری مەخا لە ساڵی 2017.
عەبدولڕەحمان مەحرەمی فەرماندەی هێزەکە کە ناسراوە بە " ئەبو زرعە" دەرچووی پەیمانگەیەکی سەلەفییە لە دماج و پێش ئەوەی تێکەڵ بە کاری سەربازیی ببێت لە شاری عەدەن هەنگوینی فرۆشتووە.
زۆربەی چەکداران و فەرماندەکانی هێزەکە خەڵکی ناوچەکانی باشووری یەمەنن و بەگوێرەی زانیارییەکان لە 16 لیوا پێکهاتوون کە ژمارەی چەکدارەکانی هەر لیوایەک 1800 بۆ 3600 کەسە و بە گشتی ژمارەی ئەندامانی هێزەکە زیاترە لە 30 هەزار چەکدار.
لە دوای ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی حەزم لە 25ـی ئازاری 2015 لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی حکومەتی یەمەن بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ژمارەیەک یەکەی سەربازی لە دژی حوسییەکان پێکهێنران.
ئیمارات وەک یەکێک لە وڵاتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانێتییەکە، پشتیوانی هێزە سەلەفییەکانی کرد و پرچەکیکردن ئەوەش بە دوو ئاڕاستە، یەکەمیان لە ڕێگەی پشتێنەى ئەمنییەوە کە لە ساڵی 2015 دروستکرا، دووەمیان پێکهێنانی لیوا سەربازییەکان کە هێزەکانی عمالقە بڕبرەی پشتی ئەو لیوا سەربازییانە بوون.
لە ساڵی 2022، بەرپرسێکی هێزەکانی عمالقە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتوە، " ئیماراتی پشتیوانیی سەربازیی گەورەیان دەکات لە پڕچەککردن و دابینکردنی کەرەستەی جەنگی و پشتیوانیی ئاسمانی و وشکانی لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا".

.jpg)

.jpg)
