
لە شارۆچکەیەکی سەر بە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا .
لە ڕووداوەکە دا کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ، پۆلیسی فەڕەنسا ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی تراپ لە ڕۆژئاوای پاریس، پیاوێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەستی بە تەقەکردن کردووە، دواتر لە دەوروبەری کاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە شارۆچکەیەکی نزیک لە تراپ دەستگیرکراوە.
عەلی ڕەبەح، سەرۆکی شارەوانیی تراپ، لە ئینستاگرام نووسیویەتی:"کەسێک لە ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقەی لە چەندین کەس کردووە کە لەسەر ڕێگاکەی بوون، لە تراپ و لاڤێریێر."
سباستیان لێکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، دۆخەکە "زۆر مەترسیدارە" و "هەموو سەرچاوەکانی هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بە تەواوی خراونەتە ئامادەباشییەوە".
ڕووداوەکە لە کاتێکدایە، فەڕەنسا لە دۆخێکی پڕ لە نیگەرانیدایە، دوای ئەو ئاژاوە و پشێوییانەی کە لە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی هەفتەی ڕابردوودا ڕوویاندا.
پێشبینیش دەکرێت، ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە فەڕەنسا ئەنجام بدرێت و پۆلیس بەڵێنی ئامادەبوونی بەرفراوانتری داوە بەراورد بە ڕۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە شارەکانی سەرتاسەری وڵاتدا.



