
شەش درۆن بەسەر بنکەیەکى سەربازى لە بەریتانیا بینراون.
میدیاى بەریتانیا: لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کراوە و گومان دەکرێت ئێران لەپشت هەڵدانى درۆنەکان بێت.
فاینەنشیاڵ تایمزی بەڕیتانی بڵاوی کردووەتەوە، لەمانگی تشرینی دووەم نزیکەی شەش درۆن بەسەر بنکەیەکی سەربازیی بەڕیتانیا کە ئەمریکییەکان تێیدا دەمێننەوە سوڕاوەتەوە، بەگوێرەى ڕۆژنامەکە بەرپرسانى بەریتانیا وتویانە کە گومان دەکەن درۆنەکان سەر بە ئێران بن.
ڕۆژنامەکە نوسیویەتی، درۆنەکان سەرجەمیان بە سیستمی بەرگریی لە بنکەکەوە دوورخراوەنەتەوە، بەڵام لە دوایدا نەتوانراوە هیچ کامییان بدۆزرێتەوە.
لە 13ی تشرینی دووەم، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بنکەی لاکنهێس لە ناوچەی سوڤۆلک لە ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا لێدرا و داوا لە ئەمریکییەکان کرا لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، لەدوایدا هیچ زانیارییەک لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکرایەوە.
ئێستا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕووداوە پەیوەندیدارە بەو شەش درۆنەی بەسەر دەورووبەری بنکەکە بینراوە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە، ئەمریکی و بەڕیتانیاییەکان شکستیان هێناوە لە دەستبەسەرا گرتنی درۆنەکان.
ئەمەش پرسیاری ئەوەی درووستکردووە کە ئایا ئەو درۆنە پڕچەک کراوە یاخود کەرەستەی سیخوڕی پێوەبەستراوە.
ئەم ڕووداوەش بە یەکێک لەو زنجیرە ڕووداوانە ئەمنییانە دادەنرێت کە ئەمساڵ لەو بنکە سەربازیانە ڕوویداوە، لە بەڕیتانیا کە لەلایەن ئەمریکاوە بەکاردێت، لەناویشیاندا ڕووداوەکەی بنکەی فێرفۆرد لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا کە بە تەڵەیەکی تیرۆریستی وەسفکرا و تێیدا ئێران تۆمەتبارکرا کە دەستى لە ڕووداوەکەدا هەبووە.
تاوەکو ئێستاش لەسەر ڕووداوەکە حکومەتى ئێران هیچ وەڵامێکى لەسەر ئەم تۆمەتە نوێیانە نەبووە.
