
یونس، کوڕی مەلا ڕەئوف، کوری مەلا مەحموود ئەفەندی، کوڕی مەلا سەعدی خادیم ئەلسەجادە، ناسراوە بە دڵداری شاعیر:
ڕۆژی 20ی شوباتی 1918، لە شاری کۆیە لەدایكبووە
لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گەیشتووە بە شاری ڕانیە و لە تەمەنی 10 ساڵیدا نێردراوەتە قوتابخانە
پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە رانیە تەواو کردووە
بەهۆی لابردنی باوکی لە پۆستی سەرژمێریی ڕانیە، بە خێزانیی گەڕاونەتەوە بۆ کۆیە
خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە تەواوکردووە
ساڵی 1940، لە شاری کەرکووک، قۆناغی دواناوەندیی تەواو کردووە
لە بەشی یاسای زانکۆی بەغداد خوێندوویەتی
ساڵی 1945 بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و بووە بە پارێزەر
لەمیانی مانەوەی لە بەغداد، بووە بە ئەندامی حیزبی ھیوا و وەکو چالاکوانێکی سیاسیی کورد کاری کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە دوای ماوەیەک بەھۆی کارە سیاسییەکانییەوە، زیندانیی بکرێت.
ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان.. نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
شاعیر، ڕووناكبیر، پارێزەر و چالاکوانی سیاسی کورد، دڵدار، پاش ساڵانێک لە مردنیشی، هۆنراوەکانی بە زیندوویی ماونەتەوە و لە هزری هەموو کوردێکدا جێگیربوون

یەکەمین ھۆنراوەی خۆی، لە ساڵی 1935 نووسیوە و لە ژمارە دووی هەمان ساڵی گۆڤاری رووناکییدا بڵاوکردووەتەوە، سەبارەت بە سەرەتای نووسینی شیعر، دەڵێت:
لە 1935، کاتێک لە پۆلی یەکی ناوەندیی بووم، دیوانی نالیم زۆر بە وردیی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی، لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری کۆیی، لەسەر پێشەوایەتی وێژەی مێشکم، لە شەڕدا بوون، ئەم کێشەیە، دەرگای ھونەری شاعیریی لێ کردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەلەدا بوو، حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستەدا دایڕێژم، ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاویبکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقیکردەوە.
شیعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵدارییدا و حاجی قادری کۆیی لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتییدا، کاریگەرییان لەسەری هەبووە، سەبارەت بە خولیای ھۆنراوە و چێژ لێوەرگرتنەوە دەڵێت:
ھێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە دیوانی حاجی قادری کۆییم لەبەر کردبوو، ھەمیشە بە وردیی سەرنجم لە ھەڵبەستەکانی عەونی، راجی، عاسی، حسێنی، ھیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم، ھەڵبەستی ھەر کەسێکم دەست بکەوتایە، دەمنووسییەوە و لەبەریشمدەکردن، بەتایبەتی ھەڵبەستی وەفایی، کوردی، فایەق بێکەس، پیرەمێردم زۆر لەبەردەکرد و ھەر لەو ساڵەدا ھەستم بەوە دەکرد، کە چێژ لە ھەڵەبەست وەردەگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.

دڵدار هاوتای نووسینی شیعر، بەردەوام وەکو چالاکوانێکی سیاسی، هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد داوە، لە ململانێدا بووە لەپێناو گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکاریی و چەوساندنەوە، بەشێکی زۆری شیعرەکانیشی لەم رووانگەیەوە نووسیوە.
شیعرەکانی دڵدار تاوەکو ئێستا لەسەر زاری هاونیشتمانییان ماونەتەوە، لە بەناوبانگترین شیعرەکانیشی "ئەی رەقیب"، کە دوو ساڵ بەر لە مردنی کرا بە سروودی نیشتیمانیی کۆماری مەهاباد و تاوەکو ئێستا نەوە دوای نەوە بە دەنگی بەرز دەوترێتەوە.
لەماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەم و هۆنراوەی نووسیوە، دیارترین بەرهەمەکانیشی بریتین لە:
لە ڕێگەدا بۆ زانینی ڕاستییەکان
ڕەخنەکان بۆ دڵی بەهاییەکان
وتارێک دەربارەی عومەری خەییام
زمانی کوردی و ئەدەبیات
نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان
ئابووریی نیشتمانییمان
بیرەوەریەکانی یونس ڕەئوف دڵدار
لە تەمەنی 30 ساڵیدا و لە ئێوارەی ڕۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1948، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ھەولێر کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ کۆیە و لە گۆڕستانی کەکۆن بەخاک سپێردراوە.

