
تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە سوورێژە دەدات .
تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی سوورێژە دەدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەیبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سورێژە هاتووە، ڕێژەی پێدانی ڤاکسین دژ بەم نەخۆشییە لە ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا کەمی کردووە، ئەمەش بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو هەوڵانەی چەندین ساڵە دەدرێت بۆ ڕێگری لەم نەخۆشییە.
بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، 59 شەپۆلی بڵاوبوونەوەی سوورێژە لە جیهان بۆ ساڵی 2025 تۆمارکراوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی توشبوون، نزیکەی نۆ ملیۆن و 800 هەزار کەسن، بەراورد بە ساڵی 2000 ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشییەکە 74% کەمی کردووە.
ڕێژەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی توشبوون بە نەخۆشی سوورێژە، گەشتووەتە نزیکەی 72 هەزار حاڵەت، بەراورد بە ساڵی 2000 ئەم ڕێژەیە 91% کەمی کردووە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لە هەڵوێستی ئەمریکا، مەکسیک و بۆلیڤیا لە بەرامبەر پێدانی ڤاکسینی سوورێژە.
لە ئەمریکا ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، وەزیری تەندروستی وڵاتەکە، چەند جارێک گومانی لە کارایی ئەم ڤاکسینە کردووە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لە کەمبوونەوەیەکی زۆریش کردووە لە ڕێژەی ئەنجامدانی ڤاکسین دژ بە سوورێژە لە ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا.
