
هەڵکردنی ئاڵای فەڵەستین گرژی خستە یاری نێوان بەشیکتاش و شیڤا.
پۆلیسی جۆرجیا هێرشیانکردە سەر هاندەرانی بەشیکتاش.
دوو هاندەری بەشیکتاش برینداربوون و 12 هاندەریش دەستگیرکران.
وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و دادی تورکیا لەگەڵ هاوتا جۆرجییەکانیان قسەیانکرد.
لە میانەی گەڕی پێنجەمی خولی ئەورووپا، یاری نێوان بێشیکتاشی تورکی و هاپۆئێل بێر شیڤای ئیسرائیلی بەڕێوەچوو، کە بە هۆکاری ئەمنی گواسترابووەوە بۆ یاریگای دینامۆ لە شاری باتومی جۆرجیا.
بە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و دەستتێوەردانی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ، لە خولەکی 25ـدا یارییەکە بۆ ماوەی 40 خولەک ڕاگیرا.
پاش ئەوەی پۆلیس کشایەوە و دۆخەکە ئارام بووەوە.
یارییەکە دەستی پێکردەوە و بێشیکتاش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
سەرداڵ ئادالی، سەرۆکی یانەی بێشیکتاش ڕایگەیاند، بەهۆی دەستوەردانەکانی پۆلیسەوە، دوو هاندەریان برینداربووە و 12 هاندەری دیکەیان دەستگیرکراوە.
بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش، دەستبەجێ پەیوەندی بە سەرۆکی یانەی بەشیکتاشەوە کرد.
هۆکاری سەرەکیی گرژییەکان، هەڵکردنی ئاڵای فەڵەستین بوو لە لایەن هاندەرانی بەشیکتاشەوە.
پاش یارییەکەش لە دەرەوەی یاریگا و لەسەر شەقامەکانی جۆرجیا، گرژی لە نێوان هاندەرانی بەشیکتاش و هێزە ئەمنییەکان دروستبووەوە.
لە بارەی ڕووداوەکانەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاکن گویرلەک، وەزیری داد و مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، پەیوەندییان بە هاوتا جۆرجییەکانیانەوە کرد.
هەر لەسەر ڕووداوەکە، یانەی ئامەدسپۆریش پشتیوانی خۆی بۆ بەشیکتاش و هاندەرانی دەربڕی و ڕایگەیاند، پێشێلکردنی ئازادیی هاندەران قبوڵنەکراوە.