شوێنەواری گولـلەیان پێوەیە؛ ئێسکەکانی ئەشکەوتەکەى فارقین برانە پزیشکی داد

شوێنەواری گولـلەیان پێوەیە؛ ئێسکەکانی ئەشکەوتەکەى فارقین برانە پزیشکی داد

00:00/00:00

پووختەى هەواڵ

  • لەنێو ئێسکەکاندا نۆ کەلـلەسەری تەواو و 36 پارچە کەلـلەسەر هەن.

  • ئێسکەکان لە ئەشکەوتێکی سێ نهۆمی فارقین دۆزرانەوە و گومان دەکرێت پەیوەندییان بە تاوانەکانى بکەرنادیارەوە هەبێت.

  • بەمەبەستی دیاریکردنی ناسنامەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئیستانبوڵ کران.


پاش دۆزینەوەی ژمارەیەکی زۆر ئێسکی مرۆڤ لە ئەشکەوتێکی سێ نهۆمیی شارۆچکەی فارقینی سەر بە ئامەد، ئێسکەکان لەلایەن فەرماندەیی جەندرمە لە شارۆچکەکە پۆلێن کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە، کە لە نۆ کەلـلەسەر، 36 پارچە کەلـلەسەر و سەدان پارچە ئێسک پێک هاتوون.


چی ڕوویداوە؟

  • 19ـی تشرینی دووەم، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی پێیان درابوو، شاندێکی هاوبەش لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، بە بەکارهێنانی گوریسی 50 مەتری چوونە ناو قووڵایی ئەشکەوتێکی سەخت لە سنووری گوندەکانی بۆشات و چیچکا لە شارۆچکەی فارقین سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان.

  • لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت لە هەر سێ نهۆمەکەی ئەشکەوتەکەدا دەیان کەلـلەسەر و سەدان پارچە ئێسکی مرۆڤ هەن، کە بەشێکیان شوێنەواری گولـلە و سووتانیان پێوەیە و گومان دەکرێت هەندێکیان ئێسک و پروسکی منداڵ بن. هیچ پارچە جلوبەرگێکیش لە ئەشکەوتەکەدا نەدۆزرایەوە.

  • 23ـی تشرینی دووەم هەواڵەکە لە میدیادا بڵاو کرایەوە و ڕۆژی دواتر تیمەکانی فریاگوزاری و جەندرمە ئێسک و پروسکەکانیان لە ئەشکەوتەکە دەرهێنا.

کاردانەوەکان

دۆزینەوەی ئەم ئێسک و پروسکانە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، چونکە ناوچەکە لە ساڵانی نەوەدەکان و دواتریشدا گۆڕەپانی ڕووداوە بکەرنادیارەکان و بێسەروشوێنکردنەکان بووە. تاوەکو ئێستاش 15 خێزان بەمەبەستی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) و ناسینەوەی بێسەروشوێنبووەکانیان سەردانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤیان کردووە.

محەمەد عەلی

Sat Nov 28 2026

Loading related news...