بارەگای بارزانی: شاندی ئیمراڵی ناوەرۆكی پەیامی ئۆجەلانیان بە بارزانی گەیاند

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و مەسعود بارزانی لە بارەگای بارزانی
کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و مەسعود بارزانی لە بارەگای بارزانی

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و مەسعود بارزانی کۆتاییهات و بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی راگەیاندووە.

بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رۆژی یەكشەممە 16ـی شوباتی 2025، مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین، پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئوندەر كردووە.

بارەگای بارزانی دەشڵێت، مەسعود بارزانی جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەک تاكە رێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردووەتەوە و بە پێویستیشی زانیوە، هەموو لایەک هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕبكەنەوە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.

مەسعود بارزانی دووپاتیشیکردووەتەوە، ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی راگەیاندووە.

لە راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانیدا ئەوەشهاتووە، شاندی ئیمراڵی بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستووەتەڕوو و شاندەکە ناوەرۆكی پەیامی ئۆجەلانیان بە بارزانی گەیاندووە.

بەگوێرەى کارنامەى شاندى ئیمراڵى، بڕیارە سبەى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى کۆبێتەوە و 18ـى ئەم مانگەش لە سلێمانى لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى کۆدەبێتەوە و ناوەرۆکى پەیامى ئۆجەلان و پرۆسەى چارەسەرى بە بافڵ جەلال تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى دەگەیەنن.