لە پێنجوێن بەهۆى تەقینەوەى پاشماوەی جەنگییەوە هەشت کرێکار برینداربوون
بەهۆى تەقینەوەى پاشماوەی جەنگییەوە لەسنووری شارۆچکەى پێنجوێنى سەر بە پارێزگاى سلێمانى هەشت کرێکار برینداربوون.
هێمن ئیبراهیم قایمقامی پێنجوێن بە وەکالەت بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە کیڵگەیەکی گوندی کێلو لە پێنجوێن ژمارەیەک کرێکار دەستکاریی پاشماوەی جەنگییان کردووە و پێیاندا تەقیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان بەشێکیان خەڵکی شارەزوورن و بۆ کارکردن لەو کێڵگە کشتوکاڵییەی پێنجوێن بوون.
هاوکات سامان نادر بەڕێوەبەرى سەنتەرى فریاگوزاریی خێراى سلێمانى بە کەناڵ8ى گوت، برینى دووان لە کرێکارەکان سەختە و گواستراونەتەوە سلێمانى و ئەوانى دیکە لە نەخۆشخانەى پێنجوێن چارەسەر وەردەگرن.
پێنجوێن شارۆچکەیەکى سنووریی نێوان عێراق و ئێرانە و لە کاتى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان هەردوو وڵات لە ( 1980-1988) رووبەرێکى فراوانى ناوچەکە مینرێژکراوە و تاوەکو ئێستا بەشێکیان هەڵنەگیراونەتەوە.
30/05/2025