
شوکری فەزڵی، یەکێکە لە شاعیرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد، ساڵی 1882 لە بنەماڵەیەکی کوردی گەڕەکی فەزڵی شاری بەغداد لەدایکبووە، بەم بۆنەیەوە نازناوی فەزڵی وەرگرتووە.
زمانزان بووە
شوکری فەزڵی لە شاری سلێمانی خوێندنی تەواوکردووە، هاوپۆلی شێخ مەحموودی حەفید بووە، جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی: عەرەبی، تورکی و فارسی بە باشی زانیوە، زمانزانییەکەی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شێوازی نووسینی شیعرەکانی دروستکردووە.
کاریگەر بووە بە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسا
لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییدا، وتار و شیعری لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، بە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسا کاریگەر و سەرسام بووە، خاوەنی چەندین دەستنووس بووە سەبارەت بە مێژوو و جوگرافیای عێراق، هاوتای نووسین سەبارەت بە فەلسەفەی خەیام و بابەتی دیکەی زانستی، کە تاوەکو ئێستا کۆنەکراونەتەوە و چاپنەکراون.

لە شیعری هەجووشدا شارەزا بووە
ساڵی 1988، عەبدوڵڵا ئاگرین، بەشێک لە شیعرە کوردی و فارسییەکانی لە دووتوێی دیوانێکدا بەناوی دیوانی شوکری فەزڵی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، هاوتای نووسینی شیعری نیشتمانپەروەریی و غەزەل، لە شیعری هەجووشدا شارەزا بووە و وەڵامی شیعرەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی داوەتەوە.
لە نموونەیەکی شیعرییدا دەنووسێت:
بۆ کوشتنی شەیدایان ھەر لەحزە موھەییایە
ئەی دڵ حەزەری لێ کە، بێ خەوف و موحابایە
ڕێکەوتی یەکی حوزەیرانی 1926، لە تەمەنی 44 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.