پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە سلێمانی و هەولێر بایکۆتیان کردووە

چۆڵیی یەکێک لە نەخۆشخانەکان بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند
چۆڵیی یەکێک لە نەخۆشخانەکان بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند

پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە سنووری پارێزگای هەولێر لەئەمڕۆ شەممەوە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، ئەوەش پاش ئەوە دێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سێ رۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە.

بەگوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی دەست کەناڵ8 کەوتوون، لە ژمارەیەک نەخۆشخانەى هەولێر لەناویاندا فریاکەوتنى رۆژهەڵات و رۆژئاوا و فێرکارى و نەخۆشخانەى راپەڕین، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند بایکۆتیان کردووە.

چۆڤان ئیسماعیل، نوێنەری پزیشکانی مانگرتوو لە هەولێر بە کەناڵ8ـى گوت، تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە لە بایکۆت بەردەوام دەبن.

رەهێڵ ئەحمەد، کە یەکێکە لە نوێنەری پزیشکانی خولاو و پلەبەند لە سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بە بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن پزیشکانەوە، گەورەترین گرفت لە نەخۆشخانەکان دروست دەبێت و نەخۆشخانەکان بەتاڵ دەبێت و پەکیان دەکەوێت.

پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند، داوای دامەزراندنی پزیشکانی نوێ بە زووترین کات دەکەن لەگەڵ دیاریکردنی وادەی دامەزراندنیان، داواکارییەکی دیکە تێکەندانی سیستمی پلەبەندی یاخود "وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندیی پزیشکان"، بەگوێرەی ئەو سیستمە نوێیە، پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچارن دەوامی سێ خولی پزیشکان بخەنە ئەستۆی خۆیان.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 650 پزیشکی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند هەن و لە سنووری پارێزگای هەولێریش ژمارەیان 400 بۆ 600 پزیشکە.