پزیشکانى ناڕازى هەڕەشەى خۆپیشاندان و بایکۆت دەکەن
پزیشکانى ناڕازى لە شاروشارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان، نیگەرانیى خۆیان بۆ راگرتنى دامەزراندن و سیستمی پلەبەندی دەردەبڕن و هەڕەشەى خۆپیشاندان و بایکۆت دەکەن.
پزیشکانى ناڕازى لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە (7ی حوزەیران) دەڵێن، "لە دروستبوونى سیستمى تەندروستییەوە لە هەرێمى کوردستان پزیشکان پشتیان بە سیستمى پلەبەندى بەستووە بۆ ئەوەى لەناو نەخۆشخانەکان خزمەتى نەخۆش بکەن".
ئاماژەبەوەشدەکەن، بەهۆى دروستبوونى کێشە لە دامەزراندن و وەستانى سیستمەکە، ماوەى زیاتر لە چوار مانگە پزیشکان لە شوێنەکانى خۆیان گیریانخواردووە و پلەکانیان بەرزنەبووەتەوە و سەرەڕاى تێپەڕبوونى ماوەى یاسایى کارکردنیشیان پزیشکان بەدڵسۆزییەوە لە خزمەتى نەخۆش بەردەوامبوون.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پزیشکان بەردەوام لە هەماهەنگییدا بوون لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرى کێشەکانیان، بەڵام وەزارەتى تەندروستى پەنابردووەتە بەر پەردەپۆشکردنى کێشەکان لە رێگەى شێواندنى سیستمى پلەبەندى پزیشکى.
پزیشکانى ناڕازى، داواش لە "سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان" دەکەن گرفتى وەزارەتەکەیان لە ئەستۆ بگرێت، لە رێگەى دامەزراندنى پزیشکانى دانەمەزرا و چالاککردنەوەى سیستمى پلەبەندى پزیشکى، جەخت لەوەشدەکەنەوە سەرجەم رێکارە مەدەنییەکانى وەک بایکۆت و خۆپیشاندان دەگرنەبەر تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئەمڕۆ شەممەوە (7ی حوزەیران) بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، ئەوەش پاش ئەوە دێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سێ رۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند، داوای دامەزراندنی پزیشکانی نوێ بە زووترین کات دەکەن لەگەڵ چالاککردنەوەى سیستمى پلە بەندیى پزیشکى.
بەگوێرەى ئامارەکان ژمارەى پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند، لە هەولێر و سلێمانى زیاتر لە هەزار پزیشکە.
07/06/2025