فەرماندەیەکى حەشدى شەعبى: بە فشاری ئەمریکا مووچەکەمان راگیراوە

لۆگۆی حەشدی شەعبی
لۆگۆی حەشدی شەعبی

دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی هێزەکانی حەشدی شەعبی دواکەوتووە، فەرماندەیەکی هێزەکە دەڵێت، "بە فشار و داواکاریى ئەمریکا مووچەیان راگیراوە" و حکومەتى فیدراڵیش کار بۆ چارەسەرى کێشەکە دەکات.

مەیسەم زەیدی، فەرماندەی "فیرقەی عەباسی شەڕکەر" لە حەشدی شەعبی، لە بۆنەیەکدا قسە بۆ ژمارەیەک ئەندامى حەشد دەکات و دەڵێت، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیای بەرپرسی لە دابەشکردنی مووچەی حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە، کە مووچەکەیان رابگرێت، پێش ئەوەی حەشدى شەعبى بخرێتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە".

بەگوتەى مەیسەم زەیدى، کۆمپانیاکەش لەوبارەیەوە بانکی رافیدەین و حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە. فەرماندەکەی حەشدی شەعبی دەشڵێت، هەر کۆمپانیایەکی دیکەش بێت هەمان چارەنووسی دەبێت، بۆچوونى وایە "دەبوایە بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕی و دارایی حەشدى شەعبى پێشتر ئامادەکاریی بکردایە و ئەم مەترسییەی بە هەند وەربگرتایە".

چارەسەری ئەم کێشەیەش بە گوتەی فەرماندەکەی حەشدى شەعبى لە رێگای بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەبێت، لەوبارەیەوە دەڵێت، "دەبوایە دامەزراوە جیهانییەکان رێز لە سەروەری و یاسای عێراق بگرن و ئەم پرسە چارەنوسسازانە بە دەست بانکی ناوەندیی عێراقەوە بێت و ئەو بتوانێت لێپرسینەوە بکات نەک بەمجۆرەی ئێستا بە ئارەزووی خۆیان سزای مووچە بڕین و لێپرسینەوە لە کۆمپانیا بکەن بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی حکومەتی عێراق".

هاوکات بەشی دارایی حەشدی شەعبی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وەکو هەموو مانگەکانی دیکە لە 18ـی مانگەوە لیستی مووچەیان بۆ بانکی رافیدەین ناردووە و لە 25ـی مانگدا مووچەکانیان چووەتە سەر هەژماری بانکیی ئەندامەکانیان، بەڵام ئەم مانگە دواکەوتووە.

بەگوێرەى بەدواداچووەکانى کەناڵ8، یەکێک لە پێشنیازەکان، کە حکومەتی عێراق کارى لەسەر دەکات ئەوەیە مووچەی حەشدی شەعبی بخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ و بە لێبڕینی 10% مووچەکانیان دابەشبکرێت.