سووریا و ئیسرائیل لە باکۆی ئازەربایجان کۆبوونەوەی راستەخۆیان ئەنجامدا

کەناڵ8 13/07/2025
وێنەیەکی سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ ئازەربایحان
وێنەیەکی سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ ئازەربایحان

لە پەراوێزی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ ئازەربایجان، بەرپرسێکی حکومەتی سووریا و ئیسرائیل لە باکو کۆبوونەوەی راستەوخۆیان ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغێ راگوزەر، لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارنەبووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان دەربارەی بوونی سەربازیی ئیسرائیل لە سووریا بوون، ئەو ناوچانەی پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری سووریا کۆنتڕۆڵکراون.

دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەو گفتوگۆ راستەوخۆیانەیان ئاشکرانەکردووە، لە کاتێکدا پێشتر ئاماژەیان بەبوونی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کردووە بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە.

حکومەتی سووریا دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەبەستێتەوە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974، بۆ راگرتنی کردە سەربازییەکان و سەرپەرشتیکردنی ناوچەی لە چەکداماڵراو لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

سووریا لە ماوەی رابروودا ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی لەگەڵ واشنتن دەربڕی بوو بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکەی ساڵی 1974.

کەناڵ8

13/07/2025