یەکێتی و پارتی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لەکۆبونەوەدان

ساتی پێشوازیکردنی مەسعود بارزانی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی
ساتی پێشوازیکردنی مەسعود بارزانی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی

شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتنە پیرمام و لە پاش پێشوازیکردنیان لەلایەن پارتییەوە، کۆبوونەوە باڵاکەیان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام دەستیپێکرد.

شاندەکەی یەکێتی پێکهاتووە لە؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، خەسرەو گوڵ محەمەد، عیماد ئەحمەد، ئاسۆ مامەند، نزار ئامێدی، ئەحمەد حەمە کەریم.

شاندەکەی پارتی پێکهاتووە لە، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد، پشتیوان سادق.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ دەکرێت.

دوایین کۆبوونەوەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 21ـى ئایارى رابردوو لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بۆ یەکەمجارە لەدوای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستانەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حزبەکانیان کۆدەبنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنى سەرەکیى براوەى هەڵبژاردن، بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 11 کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی شاندە تەکنیکی و باڵاکان ئەنجامداوە، سەرەڕای نووسینی رەشنووسی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی داهاتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایى.