کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەبێ باسکردن لە مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆتاییهات

وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات و لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی مووچەی فەرمانبەران و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ماوەی دوو کاتژمێری خایاندووە و لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتە چاوەڕوانکراوەکە، کە لەلایەن لیژنە وەزارییەکانەوە ئامادەکرابوو، رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8، ئەو راپۆڕتە لەلایەن لیژنەى شەش وەزارەتەوە ئامادەکراوە تاوەکو چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە 70 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و لەماوەی رابردووشدا و لە پاش چەندین کۆبوونەوەی شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.