
مەکتەبی سیاسی حیزبى دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى بەبێ ئەوەى گۆڕانکارى لە بەهاى دینار ڕەتبکاتەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات سنوورێک بۆ هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى نرخەکەى لە بازاڕدا دابنێن.
حیزبى دەعوەی ئیسلامی، لە کاتێکدا دان بەو هەلومەرجە سەختەدا دەنێت کە لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی ناوچەکە و کورتهێنانی دارایی هاتووەتە ئاراوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەرچى زووە ئەم بەرزبوونەوە بێ سەروبەرەییەی دۆلار ڕابگرێت و چارەسەری بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەکانی بدۆزنەوە.
داواش دەکات چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری لەسەر حیسابی توانای هاوڵاتی بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەبێت. "پێویستە ڕەگوڕیشەی قەیرانەکان چارەسەر بکەین، بەرهەمی ناوخۆیی بەهێز بکەین، بەفیڕۆدان و گەندەڵی کەم بکەینەوە، هاوردەکردن ڕێکبخەین، چاودێری بازاڕ توندتر بکەین". حیزبى دەعوە واى گوتووە.
هەروەها داوا لە بازرگانان دەکات ئەو بارودۆخە سەختانەی ڕووبەڕووی هاوڵاتییان دەبنەوە لەبەرچاو بگرن، هاوکار بن لە تێپەڕاندنی ئەم هەلومەرجە پڕ لە ئاڵنگارییە و خۆیان لە چاوچنۆکى و قۆرخکاری بەدوور بگرن. بە بازرگانان دەڵێت "زۆرێکیان لە ڕابردوودا قازانجیان کردووە، ئەمڕۆش دەبێت بە دادپەروەری و یەکسانی مامەڵە بکەن و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆیان بەرامبەر گەلەکەمان هەڵبگرن".
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى دوێنێى 6ـى تشرینى یەکەمدا بڕیاریدا گۆڕانکارى لە بەهاى دۆلار لە بەرامبەر دینار بکات، ئەوەش لەسەر بنەماى ڕاپۆرتى وەزیرى دارایى و پارێزگارى بانکى ناوەندى بووە.
بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران لە ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـى تشرینى یەکەمى 2026ـەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ: