تاوەکو ئێستا 93 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە
تاوەکو ئێستا لە شنگال 93 گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە، لەو ژمارەیە 68 گۆڕ هەڵدراونەتەوە.
لەو 68 گۆڕە بەکۆمەڵە، کە هەڵدراونەتەوە، رووفاتى 798 هاونیشتمانیى ئێزدى بۆ ناسینەوە رەوانەى بەغداد کراون.
تاوەکو ئێستا بە حەوت قۆناغ رووفاتى 274 هاونیشتمانیى ئێزدى لە بەغداد گەڕێندراونەتەوە بۆ شنگال.
ئەمڕۆ (سێشەممە 12ی ئابی 2025) رووفاتى 22 هاونیشتمانیى ئێزدى، کە لەسەر دەستى داعش کوژراون دەگەڕێندرێنەوە شنگال و لە رێورەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێن.
گەڕانەوەى ئەو رووفاتانە دەبێتە قۆناغى هەشتەمی گەڕاندنەوەی رووفاتەکان، کە پێشتر لەسەر دەستى داعش کوژراون و رووفاتەکانیان بۆ ناسینەوە براونەتە بەغداد.
چەکدارانی داعش لە سێ ئابی 2014 هێرشان کردە سەر هاونیشتمانیانی ئێزدی لە شنگال و دەورووبەری و بەو هۆیەوە نزیکەی 550 هەزار ئێزدی لە ناوچەکە ئاوارەبوون.
بەگوێرەى راپۆرتەکانی تشرینی یەکەمی 2014ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە مانگی ئاب نزیکەی پێنج هەزار پیاوی ئێزدیی کوشتووە.
هەروەها مانگی کانوونی یەکەمی 2014ـش هەرێمی کوردستان ژمارەی ونبووان و کوژراوانی ژنان و پیاوان و منداڵانی ئێزدی بە چوار هەزار کەس خەمڵاند و لە ساڵی 2017دا بڵاوکراوەتەوە، دوو هەزار و 100 بۆ چوار هەزار و 400 حاڵەتی مردن و کوشتن و چوار هەزار و 200 بۆ 10 هەزار و 800 حاڵەتی رفاندن لە ناوچەکە روویداوە.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال و دەوروبەری لە سێ ئابی ساڵی 2014، زیاتر لە شەش هەزار ئێزدی رفێندران، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 590 ئێزدی رزگارکراون، هێشتا دوو هەزار و 554 کەسیان ماون رزگاربکرێن.
12/08/2025