کارخانەیەکی نیاندەرتاڵەکان لە پۆڵەندا دۆزرایەوە

لە پۆڵەندا دۆزینەوەیەکی شوێنەواریی دەگمەن و سەرسوڕهێنەر رویداوە، چەند بەڵگەیەک دۆزراونەتەوە کە گوزارشت لە کارخانەیەکی دێرینی سەردەمی نیاندەرتاڵەکان دەکەن.

لە دۆڵی رووباری ژۆولێنکا لە وڵاتی پۆڵەندا، شوێنەوارناسان پاشماوەی کارخانەیەکی دێرینیان دۆزیوەتەوە، کە بە گوتەی خۆیان، دەگەڕێتەوە بۆ 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر و گومان دەکەن یەکێک بێت لە سەرەتاییترین ئەو کارخانانەی ناوچەکە کە لەلایەن نیاندەرتاڵەکانەوە دروستکراون.

بەڵگەکان خۆیان لە پاشماوەی ئێسکی ئاژەڵ و بنیادی بەردین دەبیننەوە، شوێنەوارناسان پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆیان روونبووەتەوە، ئەم کارخانەیە وەکو کوشتارگەی ئاژەڵەکان و دروستکردنی ئامڕاز بەکاریانهێناوە.

شارەزایانی بواری مێژووی دێرین، ئاماژە بەوە دەدەن؛ ئەم دۆزینەوەیە بۆ پۆڵەندا دەگمەنە، بەو هۆکارەی نیاندەرتاڵەکانی ناوچەکە زۆربەی کاتەکانیان لە ئەشکەوتەکاندا بەسەربردووە نەک دۆڵەکان، دۆزینەوەی پاشماوەی ئەم کارخانەیەش تێگەیشتنی زیاتر دروستدەکات سەبارەت بە ژیاری نیاندەرتاڵەکان.