شانەدەرZ : گەشتێک بۆ دۆزینەوەی جەستەی ژنە نیاندەرتاڵەکە لە هەرێمی کوردستان

کەناڵ8 15/09/2025

تیمێکی توێژەرانی زانکۆی کامبریج و لیڤەرپوڵی بەریتانی، کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەلـلەسەرە دەکەن، کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان. ئەوان دەڵێن، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر کەلـلەسەرەکە بەردەوامە و دەیانەوێت لە رێگەی پشکنینی (DNA)ـیەوە بەراوردی بکەن بەو ئێسکە پەیکەرانەی پێشتر لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی جەستەکەی.

شانەدەر Z : روخسارێکی نیاندەرتاڵ

مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، توێژەرانی بەریتانی توانیان روخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە کەلـلەسەرێک دروستبکەنەوە، کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرابوویەوە، و ناویان لێنا شانەدەر Z. ئێستا، دوای زیاتر لە ساڵێک لە کارکردن لەسەری، تیمەکە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکانیان.

بەدواداچوون بۆ جەستەی شانەدەر Z

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژی 8"ی کەناڵ8، رایگەیاند، کە دوای گەڕانەوەیان، گفتوگۆیان لەگەڵ تیمە بەریتانییەکە کردووە و "پێیان گوتین کە بەردەوامن لە کارکردن لەسەر کەلـلەسەرەکە و بەدوای جەستەکەیدا دەگەڕێن".

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵانی 1950ـی سەدەی رابردوودا، چەند ئێسکە پەیکەرێک لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی بەغداد و مۆزەخانەی زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکا پارێزراون. تیمە بەریتانییەکە دەیانەوێت پشکنینی DNAـی نیاندەرتاڵ Z بەراورد بکەن بەو ئێسکە پەیکەرانە، بۆ ئەوەی بتوانن جەستەی ئەو ژنە بدۆزنەوە کە 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە.

گەڕاندنەوەی کەلـلەسەرەکە بۆ هەرێمی کوردستان

کەیفی مستەفا جەختی لەوە کردەوە، کە بەگوێرەی رێککەوتننامەی نێوانیان لەگەڵ تیمە بەریتانییەکە، پاش کۆتایهاتنی لێکۆڵینەوەکان لەسەر نیاندەرتاڵ Z، کەلـلەسەرەکە لە رێوڕەسمێکی شایستەدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

کەناڵ8

15/09/2025