
لەبارەى دابەشکردنى نەوتەوە لە بەشێک لە پەیجەکان زانیاریى ناڕاست بڵاوکراوەتەوە.
دابەشکردنى نەوت لە پێنجوێن کۆتایى نەهاتووە و شوێنى داهاتووش دیاری نەکراوە.
دەنگۆى بەسەرچوونى کارتی ئەلیکترۆنیى نەوتیش ڕەت دەکرێتەوە.
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە دابەشکردنی نەوت لە قەڵادزێ و چەند شوێنێکی دیکە دەکەن لە سبەی و دووسـبەی، دوورن لە ڕاستییەوە و پێویست ناکات هاونیشتمانییان لە ئێستاوە سەرەی وەرگرتنی نەوت بگرن.
ئێستا دابەشکردنی نەوت لە ناوچەکانی پێنجوێن گەیشتووەتە نزیکەی 70%.
هەر کاتێک دابەشکردنەکە لەو سنوورە کۆتایی هات، بەشێوەیەکی فەرمی بەرنامەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچەکانی دیکە دیاری دەکەین.
هاوکات محەممەد حەسیب دەنگۆی بەسەرچوونی کارتی ئەلیکترۆنیی نەوتی ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە، هەر هاونیشتمانییەک کارتەکەی هەبێت بەبێ کێشە دەتوانێت بەشەنەوتی خۆی وەربگرێت، تەنیا ئەو خێزانانەی تازەن پێویستیان بە دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی نەوت دەبێت.