بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی لە مامۆستایان و خوێندکاران کرد و جەختی لە رۆڵی گرنگی مامۆستایان کردەوە.
نەژاد عەبدوڵا رایگەیاند، ئەگەر دڵسۆزی مامۆستایان نەبووایە لە ساڵانی رابردوودا، پرۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەنەدەچوو. ئاماژەی بەوەشکرد سەرەڕای قەیران و ئاڵنگاری و بێ مووچەیی، مامۆستایان بە خۆنەویستانە شانیان داوەتە بەر هەموو قەیرانەکان. هیواشی خواست بۆ ئەمساڵیش مامۆستایان دڵسۆزی و خەمخۆری خۆیان بۆ بواری پەروەردە دووپاتبکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد کە بگەنە رێککەوتن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بە مووچەوە هەیە. گوتیشی ماوەی 11 ساڵە سەرەرای بێ مووچەیی و قەیرانەکان، مامۆستایان نەیانهێشتووە داهاتووی هیچ خوێندکارێک بفەوتێت و بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان.