
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی تازەی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ ڕۆژی شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
لە راگەیاندراوی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ئاماژە بەوەکراوە، کە "لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی تازەی هەرێم تاوتوێ کراوە".
رۆژى 14ـى تەمموزى 2025، کۆبوونەوەى هاوبەشى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پیرمام بە سەرپەرشتیى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى ئەنجامدرا و پاش کۆبوونەوەکە راگەیەندراوى هاوبەشى هەردوولا بڵاوکرایەوە.
لەو کۆبوونەوەیەشدا هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و تەواوى ئەو هەنگاوانەى پێویستن لە چوارچێوەى دەستوور بە ئاڕاستەى چارەسەرکردن و هاوئاهەنگیى هەردوولا بهاوێژرێن.