لە کەرکووک وانەوتنەوەی وانەبێژانی خۆبەخش قەدەغەکرا؛ خوێندنی کوردی پابەند نابێت
بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک بە پاڵپشتی نوسراوێکی وەزیری پەروەردەی عێراق، بڕیاریدا چیتر "وانەبێژانی خۆبەخش" لە خوێندنگەکان وانە نەڵێنەوە و هۆشداری دەدات لە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە و دەڵێت، لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێـت.
لەژێر ڕۆشنایی نووسراوێکی وەزیری پەروەردەی عێراقدا، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک لە نوسراوێکدا بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی وانەوتنەوەی وانەبێژی خۆبەخش لەسەرجەم خوێندنگەکان .
"پێویستە سەرجەم خوێندنگەکان پابەند بن"
نوسراوەکەی پەروەردەی کەرکوک لەلایەن مەنسور موزری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی شارەکە ڕۆژی 19ـی مانگ واژۆکراوە، پێویستە سەرجەم خوێندنگەکان پابەندبن پێیەوە ، چونکە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە لێپێچینەوەی یاسایی هەیە.
22 هەزار وانەبێژی خۆبەخش
بەگوێرەی ئامارەکانی پەروەردەی کەرکووک، ژمارەی وانەبێژانی خۆبەخش نزیکەی 22 هەزار وانەبێژە و هەشت هەزار و 132 وانەبێژی خۆبەخشیان لە خوێندنی کوردییە و بەسەر 550 خوێندنگەی خوێندنی کوردی دابەشبوون و ئەوانی دیکەیان لە خوێندنەکانی عەرەبی و تورکمانین.
ئەگەری ناردنەوە بۆ ماڵەوە
کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کردووە و کەمال شەریف، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەکرد، بڕیارەکەی وەزیری پەروەردەی عێراق بەجۆرێکی کە لەلایەن پەروەردەی کەرکووکەوە ئاڕاستەکراوە و گۆڕانکاری تێداکراوە، بەو پێیەی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، چیتر وانەبێژی خۆبەخش وەرنەگیرێت، بەڵام پەروەردەی کەرکووک لە نوسراوەکەیدا رایگەیاندووە، ئەوانەی لەپێشووشدا خۆبەخش بوون بنێردرێنەوە ماڵەوە.
خوێندنی کوردی پابەندی بڕیارەکە نابێت
سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەکرد، وەک خوێندنی کوردی پابەندی بڕیارەکەی پەروەردەی کەرکووک نابن و خۆبەخشان بەردەوام دەبن لە وانەوتنەوە و دەبێت پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بکرێت.
کەمال شەریف بۆ کەناڵ8، گوتیشی؛ لە 2019ـەوە وانەبێژانی خۆبەخش وانە دەڵێنەوە مووچەیان نەبووە، ناکرێت ئێستا بێ ڕەچاوکردنی ئەرک و ماندووبوون و پڕکردنەوەی بۆشایی دامەزراندنی مامۆستا و خانەنشینبوونی بەشێکی دیکە، وانەبێژانی خۆبەخش بنێردرێنەوە ماڵەوە، لەکاتێکدا وانەبێژان چاوەڕوانی ڕێز و تەقدیر و دامەزراندنی فەرمیین.
20/10/2025