کۆمپانیایەکی ئەمریکی سەرپەرشتیی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەکات
حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، کۆمپانیای "ئۆلیڤەر وایمان"ـی ئەمریکی بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای گەشەپێدان دیاریکراوە و بەشێک لە پڕۆژەکەش لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بیانییەوە جێبەجێ دەکرێت.
نەخشەڕێگای بەڕێوەبردن و پارەدارکردن
ناسر ئەسەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە، ڕایگەیاند: "حکومەتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانی ئەمریکی، نەخشەڕێگای چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و پارەدارکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دادەڕێژێت."
سیستمی پارەدارکردنی دوولایەنە
ڕاوێژکارەکەی سودانی ڕوونیکردەوە: "پڕۆژەکە پشت بە سیستمی پارەدارکردنی دوولایەنە دەبەستێت، کە پێکدێت لە پارەدارکردنی ڕاستەوخۆی حکومەت و وەبەرهێنانی بیانی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا."
ڕۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکە
ئەسەدی وتی: "بۆ ئەوەی پرۆسەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە سەرکەوتوو بێت، کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانی ئەمریکی بۆ سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندنی هەلەکانی وەبەرهێنان لەناو پڕۆژەکەدا دیاریکراوە، کە پشت بە تەکنەلۆژیای نوێ و توانای نێودەوڵەتی دەبەستێت."
هەلی کار و گەشەی ئابووری
ناسر ئەسەدی جەختی کردەوە: "وەبەرهێنان لە پڕۆژەکەدا ئاستی ژێرخانەکەی بەرزتر دەکاتەوە و پڕۆژەکانی وەک هێڵی شەمەندەفەر، ڕێگا خێراکان، شارە پیشەسازی و ئابوورییەکانی دەوروبەری، سەدان هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن."
27/10/2025