خوێندنی کوردی لە کەرکووک؛ قەیرانی قوڵ و بەڵێنی بانگەشەی هەڵبژاردن

کەناڵ8 29/10/2025

لەکاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کەرکووک گەرم بووە، پرسی خوێندنی کوردی، کە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی مانەوەی ناسنامەی کورد لە شارەکە، وەک پێویست لە کارنامە و دروشمی لایەنە کوردییەکاندا ڕەنگدانەوەی نییە.

قەیرانە کەڵەکەبووەکان

خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە مێژووەکەی بۆ 22 ساڵ دەگەڕێتەوە، ڕووبەڕووی چەندین گرفتی گەورە بووەتەوە، لەوانە:

کەمیی باڵەخانە: تەنها نزیکەی 200 باڵەخانەی خوێندن هەیە، لەکاتێکدا 558 قوتابخانە تێیاندا دەوام دەکەن، ئەمەش وایکردووە خوێندن بە دوو، سێ و تەنانەت چوار دەواميش بەڕێوەبچێت. جگە لەوەی 100 باڵەخانە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

کەمیی مامۆستا: تا ئێستا هیچ مامۆستایەک لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە بۆ خوێندنی کوردی دانەمەزراوە. بەشی خوێندنی کوردی کە زیاتر لە 8 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری هەیە، هێشتا پێویستی بە دامەزراندنی نزیکەی 500 مامۆستای دیکە هەیە.

دواکەوتنی مووچە: یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکان، دواکەوتنی مووچەی ئەو مامۆستایانەیە کە لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستانن.

بەڵێنی بەربژێرەکان؛ چارەسەر لە بەغدادە

سەرەڕای ئەوەی پرسی خوێندنی کوردی لە پۆستەر و بانگەشە گشتییەکاندا ونە، بەربژێرانی یەکێتی و پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەدوای سەرکەوتنیان، لە بەغدادەوە کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکەن.

پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی

پسپۆڕانی بواری پەروەردە و چالاکوانان پێیان وایە، پشتگوێخستنی خوێندنی کوردی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئایندەی نەوەیەکی نوێی کورد لە کەرکوک دەبێت و مەترسییە بۆ سەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لەم شارە فرە پێکهاتەیەدا.

کەناڵ8

29/10/2025