ئالان حەمەسەعید: پێداویستی خوێندنگاکان دابینکراوە

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێداویستییەکانی خوێندنگاکان دابینکراون و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بڕێکی زۆر نەوت بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەش دەکرێت، هاوکات پلانیان هەیە بۆ داهاتوو سەرجەم پۆلەکان بکەنە سمارت بۆرد.

گرێبەستی 8.8 ملیۆن لیتر نەوت

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد کە سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێکن لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی. وتیشی: "لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەشت ملیۆن و 800 هەزار لیتر نەوت بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەش دەکرێت."

کارەکانی چوار ساڵی ڕابردوو

وەزیری پەروەردە ئاماری کارەکانی چوار ساڵی ڕابردووی خستەڕوو و ڕایگەیاند: "244 خوێندنگەی نوێ تەواوکراون، دوو هەزار ەو 100 خوێندنگە نۆژەنکراونەتەوە و 127 خوێندنگەش کراونەتە وزەی خۆر." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە 170 سمارت بۆرد بۆ خوێندنگا حکومییەکان دابینکراوە و پلانیان وایە لە داهاتوودا وایت بۆرد نەمێنێت.

ئاستەنگەکانی دروستکردنی خوێندنگەی نوێ

سەبارەت بە دروستکردنی خوێندنگەی نوێ، ئالان حەمەسەعید باسی لە چەند ئاستەنگێک کرد، لەوانە قەیرانی دارایی و کێشەی تەرخانکردنی زەوی. ڕاشیگەیاند: "عێراق بڕیار بوو هەزار ( 1,000 ) خوێندنگە دروست بکات کە 150ـی بۆ هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."