پێچەوانەی بۆچوونی باو؛ شیرەمەنییەکان دژی بەردی گورچیلەن
سەروەر سالار 26/11/2025
کەناڵ8- سلێمانی
د. ڕەوا حەمەغەریب، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، هەڵەتێگەیشتنێکی باو لەناو هاووڵاتییاندا ڕاست دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، شیرەمەنییەکان نەک هۆکار نین بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە، بەڵکو دەبنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی دروستبوونی بەردەکە.
میکانیزمی زانستی؛ چۆن شیرەمەنی بەرد ناهێڵێت؟
سەرەڕای ئەوەی 80%ـی بەردەکانی گورچیلە لە جۆری "کالسیۆم ئۆکزالەیت"ـن، بەڵام خواردنی کالسیۆمی سروشتی (شیر و ماست) بەم شێوەیە ڕێگری لە بەرد دەکات:
- کالسیۆمی ناو ماست لەناو ڕیخۆڵەدا لەگەڵ "ئۆکزالەیت"ـی زیادەی جەستە یەکدەگرێت.
- لە ڕێگەی پیساییەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە.
- ڕێگە نادات ئەو ماددە زیانبەخشانە بگەنە گورچیلەکان تاوەکو بەرد دروست بکەن.
مەرجەکانی خواردنی ماست
پزیشکە پسپۆڕەکە ڕێنمایی دەدات کە خواردنی ماست بەم شێوەیە بێت:
- خۆماڵی بێت: باشترین جۆر، ماست و سپیاییە خۆماڵییەکانن.
- دوورکەوتنەوە لە هاوردە: دەبێت لە بەرهەمە هاوردەکان دووربکەونەوە، چونکە بڕێکی زۆر شەکر و خوێیان تێدایە کە زیانبەخشن.
- بڕەکەی: بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت.
حەب یان خۆراک؟
سەبارەت بە سەرچاوەی کالسیۆم، جیاوازییەکی گەورە هەیە:
جەستە ڕۆژانە پێویستی بە یەک گرام کالسیۆم هەیە.
ئەو کالسیۆمەی لە حەب وەردەگیرێت، هەمان کاریگەریی کالسیۆمی سروشتیی نییە بۆ پارێزگاریکردن لە دروستبوونی بەرد.
مەترسییەکان و بۆماوەیی
د. ڕەوا ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا خۆراک هۆکار نییە:
- بۆماوەیی: گرنگترین هۆکاری دروستبوونی بەردی گورچیلەیە.
- دووبارەبوونەوە: کەسێک ئەگەر نەشتەرگەریی لابردنی بەردی بۆ بکرێت، لە 5 ساڵی داهاتوودا 50% ئەگەری هەیە بەردی بۆ دروست ببێتەوە.
سەروەر سالار
26/11/2025