دەستپێشخەریی سوودانی و زێدان؛ ئاشکراکردنی دارایی بۆ ساڵی 2026 دەستیپێکرد

محەمەد شیاع سوودانی و فایەق زێدان
محەمەد شیاع سوودانی و فایەق زێدان

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، وەک یەکەمین بەرپرسانی باڵا بۆ ساڵی 2026 فۆڕمی ئاشکراکردنی سامانی دارایی خۆیان ڕادەست کردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

دەستپێشخەریی بەرپرسە باڵاکان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، هەریەک لە سوودانی و زێدان یەکەمین بەرپرس بوون کە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، فۆڕمی تایبەت بە زانیارییە داراییەکانی خۆیان پڕکردووەتەوە و ڕادەستی دەستەکەیان کردووە. ئەم ڕێکارە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی وردبینیکردنە لە داهاتی بەرپرسان و ڕێگریکردنە لە هەر ئەگەرێکی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

فۆڕمێکی 9 پەڕەیی بۆ وردەکاریی سامان

فۆڕمی ئاشکراکردنی دارایی کە لە پەڕەی فەرمیی دەستەی دەستپاکیدا بەردەستە، لە 9 پەڕە پێکهاتووە. تێیدا پێویستە بەرپرسان سەرجەم ماڵ و موڵک، زەوی، ئۆتۆمبێل و ئەو پشکانەی هەیانە ئاشکرا بکەن. ئەم وردەکارییانە تەنیا بۆ بەرپرسەکە نییە، بەڵکو دەبێت دارایی هاوسەر و منداڵەکانیشی بە ڕوونی و بە بەڵگەی یاساییەوە بخاتەڕوو، جا ئەو شتانە بە پارەی کاش کڕابن یان بە قیست.

دیارییەکان و داهاتی بانگەشەی هەڵبژاردن

جگە لە موڵک و ماڵ، بەرپرسان پابەندکراون بە ئاشکراکردنی هەر داهاتێکی دیکەی نا حکومى کە دەستیان دەکەوێت. هەروەها دەبێت ته‌واوی ئەو دیارییانەی بۆ خۆیان یان هاوسەر و منداڵەکانیان دێت، بە وردی تۆمار بکرێن. یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان، ئاشکراکردنی ئەو بەخشین و هاوکارییە داراییانەیە کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا پێیان دەگات، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی هیچ سەرچاوەیەکی نایاسایی بۆ ململانێ سیاسییەکان بەکارنەهێنراوە.

ئامانج لەم ڕێکارە یاساییە

دەستەی دەستپاکی جەخت دەکاتەوە کە ئەم پڕۆسەیە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و هەموو بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمان دەبێت پێوەی پابەند بن. مەبەستی سەرەکی، دروستکردنی سیستمێکی چاودێریی وردە بۆ ئەوەی داهاتی بەرپرسان پێش و پاش وەرگرتنی پۆستەکان بەراورد بکرێت و پارێزگاری لە سەروەت و سامانی وڵات بکرێت.