گوتەبێژى یەکێتی: نزار ئامێدی بەربژێرى یەکێتییە بۆ پۆستى سەرۆککۆمار

کەناڵ8 05/01/2026

کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، حیزبەکەی بڕیاری کۆتایی داوە و "نزار ئامێدی" وەک بەربژێری فەرمیی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەستنیشان کراوە.

ژیاننامە و ئاستی خوێندن

نزار محەمەد سەعید محەمەد ئامێدی، ساڵی 1968 لە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. ناوبراو خێزاندارە و باوکی 4 منداڵە. لە ڕووی ئاستی خوێندنەوە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری ئەندازیاریی میکانیکیدا و لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

وێستگەکانی کارکردن لە حکومەت و حیزبدا

بەربژێرەکەی یەکێتی خاوەنی ئەزموونێکی درێژە لە کاری حیزبی و ئیداریدا و چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە:

1993 - 2003: لە نووسینگەی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە.

2005 - 2022: بۆ ماوەی 17 ساڵ ڕاوێژکاری هەر سێ سەرۆککۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح) بووە.

2022 - 2024: پۆستی وەزیری ژینگەی عێراقی بەڕێوەبردووە.

2024: بەرپرسی نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە لە بەغدا.

ئەزموونی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

نزار ئامێدی پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی عێراق، ناوچەکە و جیهان هەیە و بەشداریی لە چەندین لوتکە و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیدا کردووە:

ئەندامی شاندی عێراق بووە لە لوتکەکانی کۆمکاری عەرەبی لە وڵاتانی (میسر، جەزائیر، تونس، سعودیە و کوێت).

بەشداری لە لوتکەی (COP 21) لە پاریس کردووە لە ساڵی 2015.

سەرۆکی شاندی عێراق بووە لە لوتکەی (COP 28) لە ئیمارات لە ساڵی 2023.

سەرۆکی شاندی عێراق بووە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کینیا لە ساڵی 2023.

وەک وەزیر و ئەندامی شاندە سەرۆکایەتییەکان سەردانی وڵاتانی (سویسرا، ئەمریکا، ئێران، سعودیە، عومان و ڕووسیا)ی کردووە.

پوختەی زانیارییەکان (گرافیک):

ناو: نزار محەمەد سەعید محەمەد ئامێدی.

لەدایکبوون: 1968 - ئامێدی.

باری خێزانی: خێزاندار، باوکی 4 منداڵ.

خوێندن: بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریی میکانیکی.

پۆستی حیزبی: ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی نووسینگەی بەغدا.

ئەزموونی حکومی:

ڕاوێژکاری سێ سەرۆککۆمار (2005-2022).

وەزیری ژینگەی عێراق (2022-2024)

کەناڵ8

05/01/2026