لە کەرکووک قوتابییەک لەسەر کێشانى ئاڵاى کوردستان فەسڵ دەکرێت

کەناڵ8 28/01/2026
ئەو وێنەیەی قوبابییەکەی لەسە رفەسڵکراوە
ئەو وێنەیەی قوبابییەکەی لەسە رفەسڵکراوە

لە شارى کەرکووک قوتابییەکى لە قوتابخانەیەکى ناحکومى، لە وانەى هونەردا ئاڵاى کوردستانى کێشاوە، بەو هۆیەوە فەسڵکراوە، لایەنى پەیوەندیدار هاتوونەتە سەر خەت و بڕیارە سبەى کێشەکە چارەسەر بکرێت.

لە قوتابخانەیەکی ناحکومی بووە

قوتابییەکە ناوی دیار خەلیلە و لە خوێندنی سیستمی فیدراڵى لە قوتابخانەیەکی ناحکومى دەخوێنێت بەهۆی ئەوەی لەوانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشابوو، لە قوتابخانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی دەدرێت .

"سبەی مامۆستاکە و بەڕێوەبەرەکەش بانگهێشت دەکرێن بۆ لێپرسینەوە"

ئەحمەد کەرکووکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتى "ڕاستەوخۆ پەیوەندیم بە سامان مەجید جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووکەوە کرد و سبەی مامۆستاکە بانگێشتی پەروەردە دەکرێت و لێپرسینەوە لە مامۆستاو بەڕێوبەرەکەش دەکرێت".

بەدواچوون دەکرێت

گوتیشى "بەهیچ شێوازێک ئەم بابەتە تێپەڕ نابێت و وەکوو ئەندامی ئەنجومەن لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەم".

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش هاتە سەر خەت

هاوکات ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، کاتێک بابەتەکەی پێگەیشت ڕاستەوخۆ مامۆستا کامەران بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی ڕاسپارد کە بەهیج جۆرێک ئەمە نابێت قبوڵ بکرێت و قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بکەن".

گوتیشى " مامۆستا کامەران قسەی لەگەڵ کردوون و بەڵێنیان دابوو سبەی چارەسەری بابەتەکە بکەن و لێپرسینەوەش لە قوتابخانەکە بکەن".

وەزیرى پەروەردە دەشڵێت بڕیاریداوە پارەی خوێندنکەی لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیابن ئەو منداڵە بێخوێندن نامێنێتەوە بابەتەکە چارەسەر دەبێت و جیا لەوەش هەموو قوتابخانە کوردییەکانی ئێمە لە کەرکووک لەبەردەمیدا کراوەن".

کەناڵ8

28/01/2026