گومرگی عێراق: داهاتی مانگی کانوونی دووەم 137 ملیار دیناری تێپەڕاندووە

خاڵێکى گومرگى لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ
خاڵێکى گومرگى لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی فەرمیی دەسەڵاتی گشتیی گومرگی عێراق، داهاتی گومرگی وڵات تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە 137 ملیار دینار. ئەم بڕە داهاتە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی وەرگرتنی گومرگ و داهاتە سنوورییەکاندا ئەنجامداوە.

پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و داشکاندنی نرخەکان

لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە، عێراق لە دەروازە سنوورییەکانیدا کار بە سیستمی "ئەسیکۆدا" دەکات و داهاتی سەرجەم دەروازەکانی بەستووەتەوە بە سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی ناوەندییەوە. ڕێژەی وەرگرتنی گومرگ لە مانگی ڕابردوودا لە نێوان 5% تاوەکو 30% بووە، بەڵام لە کۆتایی مانگدا دەسەڵاتی گومرگ بڕیاری داشکاندنی 25%ـی بۆ سەرجەم جۆرەکانی گومرگ ڕاگەیاندووە.

پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی داهات و گەڕانەوەی بازرگانان

دەسەڵاتی گشتیی گومرگ پێشبینی دەکات لە مانگەکانی داهاتوودا داهاتی گومرگی زیاتر ببێت، ئەوەش پاش کەمکردنەوەی تێکڕای نرخەکان لە سیستمی ئەسیکۆدا بۆ 25%. هەروەها ڕێنمایی نوێ دەرکراوە بۆ خێراکردنی مامەڵە بازرگانییەکان و ئاسانکاری لە پارەداندا، چونکە پێشتر بەرزیی ڕێژەی گومرگ ببووە هۆی ئەوەی بازرگانان پەنا بۆ ئەو دەروازانە ببەن کە نەبەسترابوونەوە بە سیستمە ئەلیکترۆنییەکەوە.

کاریگەریی لەسەر بازاڕ و هۆشداریی ژوورە بازرگانییەکان

بە گوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، پابەندبوون بە سیستەمی ئەسیکۆدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا. هاوکات سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق چەندین جار هۆشدارییان داوە کە ئامانجی سەرەکیی دانانی گومرگ دەبێت ڕێکخستنی باڵانسی بازرگانیی ناوخۆ و دەرەوە بێت، نەک تەنیا وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوە و زیادکردنی داهاتی دەوڵەت بەکاربهێنرێت.