دەستەی گشتیی گومرگی عێراق: هەواڵی زیادکردنی 500%ـی باج لەسەر شیری منداڵان ڕاست نییە
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دانانی باجێکی گومرگیی نوێ لەسەر هاوردەکردنی شیری منداڵان دەکەن. دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوەی دەگوترێت سەبارەت بە زیادبوونی باج بە ڕێژەی 500% دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرنەچووە.
پاراستنی ئاسایشی خۆراک
لە ڕاگەیێنراوەکەی دەستەی گومرگدا هاتووە کە شیری منداڵ یەکێکە لەو کەرەستە سەرەکییانەی پەیوەندی بە تەندروستی و ئاسایشی خۆراکی هاونیشتمانییانەوە هەیە، بۆیە بەپێی سیاسەتەکانی حکومەت هیچ زیادکردنێکی باجی ناچێتە سەر. ئامانج لەم هەڵوێستە پاراستنی مافی بەکاربەر و پاڵپشتیکردنی توێژی منداڵانە لە وڵاتدا، داواش دەکەن هاووڵاتییان تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان
ڕوونکردنەوەکەی دەستەی گشتیی گومرگ دوای ئەوە هات کە بەشێک لە میدیا عێراقییەکان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە حکومەت بڕیاریداوە بە ڕێژەی 500% باج بخاتە سەر شیری منداڵان و ژمارەیەک پێداویستی دیکەی سەرەکی. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە نیگەرانیی لای بازرگانان و هاووڵاتییان دروست کردبوو.
ناڕەزایەتییەکان لە بەغداد و بەسڕە
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، شارەکانی بەغداد و بەسڕە خۆپێشاندانی گەورەی بازرگانان و خاوەن دووکانەکانیان بەخۆیەوە بینی. خۆپێشاندەران دژی زیادکردنی باجە گومرگییەکان وەستانەوە و ڕایانگەیاند، کە ئەم ڕێکارانە بوونەتە هۆی کەڵەکەبوونی کاڵاکانیان لە دەروازە سنوورییەکان و سستبوونی جوڵەی بازرگانی لە بازاڕەکاندا.
09/02/2026