
د. حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و دۆسیەی شنگال تەنیا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، شنگال دۆسیەیەکی ناوخۆیی عێراقییە و لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و پارێزگای نەینەواوە سەرپەرشتی دەکرێت و هێزە چەکدارەکانی وڵات بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، عێراق بە فەرمی ناڕەزایەتی بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا نیشانداوە. بە گوتەی عەلاوی، ئەو جۆرە لێدوانانە زیان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەگەیەنن و پێویستە ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگیرێت.
حکومەتی عێراق ڕێکاری یاسایی و ئەمنی بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەکەکە گرتووەتەبەر. د. حوسێن عەلاوی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 40 ساڵدا، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری عێراق لەسەر هێڵی سفری سنوورەکان جێگیر کراون بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک.
لە کۆتایی دیدارەکەیدا ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگیی نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری بەردەوامە. ئامانجی ئەم هەماهەنگییە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و چەسپاندنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقە لە تەواوی ناوچە جیاوازەکاندا.