ئەو خووانەی زیان بە تەندروستیی مێشك دەگەیەنن

لەرینەوەی موگناتیسی پشکنینێکی بێزیانە
لەرینەوەی موگناتیسی پشکنینێکی بێزیانە

هەموو چالاکییەکانی جەستە، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، لەژێر فرمانی مێشکدان. بۆیە تەندروستیی مێشک کاریگەریی لەسەر تەندروستیی ئەندامەکانی دیکە هەیە. کۆمەڵێک هۆکار هەن زیان بە تەندروستیی ئەم ئەندامە گرنگە دەگەیەنن.

دانیشتنی زۆر

بە تێکڕا، کەسانی پێگەیشتوو رۆژانە زیاتر لە شەش کاتژمێر دادەنیشن. ئەم ناچالاکییە جەستەییە دەکرێت چەند کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر مێشک هەبێت.
توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2018 ئەنجامدراوە، دەریخستووە دانیشتنی زۆر کاردەکاتە سەر ئەو ناوچەیەی مێشک کە بەرپرسە لە یادەوەریی.
رێنمایی پسپۆڕان ئەوەیە، دوای هەر دانیشتنێک کە 15 بۆ 30 خولەک دەخایەنێت، پێویستە چەند جوڵەیەکی کەم ئەنجامبدرێت.

گۆشەگیری

تەنیایی، پەیوەستە بە پەشێویی خەمۆکی و نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە و توانای مێشک دادەبەزێنێت. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی کەمتر چالاکن لەرووی کۆمەڵایەتییەوە، ماددەی رەساسی ناو مێشکیان کەمترە (ئەو ماددەیە بەرپرسە لە لێکدانەوەی زانیارییەکان).

توێژەران باس لەوە دەکەن مەرج نییە تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان فراوان بێت، دەکرێت دوو بۆ سێ کەس هەبن کە قسەیان بۆ بکرێت و پلان و چوونەدەرەوەکانیان لەگەڵ رێکبخرێت.

کەمخەوی

بەگوێرەی ئامارەکان، سێیەکی گەورەساڵانی جیهان کێشەی کەمخەوییان هەیە. بەشێک لە فرمانە گرنگەکانی مێشک، وەکو یادگە، لێکدانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان، پەیوەستن بە خەوەوە. ئەو کەسانەی کێشەی کەمخەوییان هەیە، دەتوانن ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکەن.

گوشاری دەروونیی بەردەوام

گوشاری دەروونیی بەردەوام دەبێتە هۆی پووکانەوەی بەشی پێشەوەی مێشک، واتە ئەو بەشەی بەرپرسە لە یادگە و فێربوون. چەندین رێگەی جۆراوجۆر هەن بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، بۆنموونە مێدیتەیشن.