پەشێویی خەمۆکی چییە؟
خەمۆکی، پەشێوییەکی مەزاجییە، وا لە کەسی توشبوو دەکات هەست بە دڵتەنگیی بەردەوام بکات. دڵتەنگی و نەمانی ئارەزوو بۆ ئەو شتانەی کەسێک پێشتر ئارەزووی کردوون، کاردانەوەی ئاسایین. هەرکەسێک دەکرێت ئەم هەستانەی هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم هەستانە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بن، لەوانەیە کاردانەوەیەکی سروشتی نەبن و نیشانەی بوونی پەشێویی خەمۆکی بن.
نیشانەکانی خەمۆکی چین؟
خەمۆکی، کۆمەڵێک نیشانەی هەیە، هەرکاتێک بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر، لانیکەم پێنج نیشانە لەمانە هەبوون، مانای ئەوەیە کەسەکە خەمۆکیی هەیە:
- هەستکردنی بەردەوام بە دڵتەنگی
- هەست بە تاوانکردن و بێبەهایی
- بێهیوایی و رەشبینی
- نەمانی وزە، کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان، لاوازیی یادگە و توانای بڕیاردان
- بێخەوی یان زۆر خەوی بەدرێژایی رۆژ
- نەبوونی ئارەزوو بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی پێشتر کەسەکە حەزی لێیان بووە
- بیرکردنەوەی زۆر لە مردن یان خۆکوشتن
- بێئۆقرەیی
- زیادبوون یان لەدەستدانی کێش
لەوانەیە کەسی توشبوو ئەم نیشانانەشی هەبێت:
- زووهەڵچوون
- زۆر خواردن یان بەردەوام هەستکردن بە تێری
- بوونی ئێش و ئازار
- کێشەی گەدە و کۆئەندامی هەرس
نیشانەکانی خەمۆکی لەوانەیە لە کاتێکی دیاریکراوی ساڵدا دەربکەوون، بۆنموونە جۆرێکی خەمۆکی هەیە پێی دەگووترێت خەمۆکیی وەرزی، لەم جۆرەیاندا کەسەکە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان، هەست بە نیشانەکانی خەمۆکی دەکات.
هۆکاری خەمۆکی چییە؟
تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نەدۆزراوەتەوە بۆ پەشێویی خەمۆکی، بەڵام پسپۆڕان بۆچوونیان وایە کۆمەڵێک هۆکار هەن پەیوەندییان هەیە بە پەشێویی خەمۆکییەوە:
- پێکهاتەی مێشک: ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە، پێکهاتەی مێشکیان جیاوازە لە کەسانی دیکە
- ماددە کیمیاییەکانی مێشک: بڕی هەندێک دەمارەگوێزەرەوە (کۆمەڵێک ماددەی کیمیایین لە مێشك و دەمارەکاندا) لە کەسانی خەمۆکدا کەمترە.
- هۆرمۆن: رێژەی هۆرمۆنەکان بە چەند هۆکارێک دەگۆڕێت: دووگیانی، کێشەکانی غوددە، لەسووڕچوون...هتد
- بۆماوەیی: ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیاندا مێژووی خەمۆکییان هەیە، ئەگەری توشبوونیان بەم پەشێوییە زیاترە.
ئەو نەخۆشی و پەشێوییانە چین کە دەکرێت لەگەڵ خەمۆکی دەربکەوون؟
- دڵەڕاوکێ
- وەسواسی
- پەشێویی تۆقین
- بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان
- پەشێویی خواردن
خەمۆکی و بیری خۆکۆژی
ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە، زیاتر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە بەراوورد بەو کەسانەی خەمۆکییان نییە، بەڵام مەرج نییە ئەوەی خەمۆکی هەبوو، بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە. گرنگە پرسیار لە کەسانی توشبوو بکرێت، ئایا هیچ کاتێک بیر لە ئازاردانی خۆیان و کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیان دەکەنەوە.
چارەسەر چییە؟
دوای ئەوەی پزیشکی پسپۆڕ دۆخی کەسەکە هەڵدەسەنگێنێت و نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکات، بڕیار دەدات چارەسەری پێویست بۆ چارەخوازەکە دابنێت، کە دەکرێت یەکێک یان چەند دانەیەک لەم رێگەیانە بێت:
دەرمانی دژەخەمۆکی: چەند جۆرێکی دەرمانی دژەخەمۆکی هەن، کاریگەرن بۆ چارەسەری دۆخی زۆرینەی توشبووان. مەرج نییە کاتێک کەسێک سوود لە دەرمانێکی دژەخەمۆکی وەردەگرێت، هاوڕێکەشی سوودی لێ ببینێت، چونکە کاریگەریی دەرمانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. بۆیە لەوانەیە پێویست بکات چارەخواز چەند دەرمانێک تاقیبکاتەوە تاوەکو دەگات بە دەرمانێکی کاریگەر. بە پێچەوانەی تێگەشتنی باویشەوە، ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری خەمۆکی بەکاردەهێنرێن، نەخۆش ئالوودە ناکەن.
چارەسەرکاری دەروونی: چارەسەرکاری دەروونی لەرێگەی قسەکردنەوە، بەڵام بەشێوازێکی زانستی، هەوڵدەدات یارمەتیی چارەخواز بدات تاوەکو لە کێشەکانی تێبگات، چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە یان فێرببێت لەگەڵیان هەڵبکات.
چارەسەر بە کارەبا: لەم رێگەیەدا تەزووی کارەبا بەکاردەهێنرێت، بۆئەوەی دەمارەگوێزەرەوەکانی ناو مێشک رێکبخرێنەوە. ئەم چارەسەرە بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە سوود لە رێگاکانی تری چارەسەر وەرناگرن.
06/11/2023