
وەزارەتى دارایی عێراق، ڕایگەیاند، "دۆخى دارایی جێگیرە و کێشەى کەمى نەختینە نییە و ڕێکارەکانی خەرجکردن بەبێ هیچ قەیرانێکى دارایی بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت."
وەزارەتى دارایی لە ڕاگەیێنراوێکدا، ئەوە ڕەتیدەکاتەوە سەبارەت بەوەی بەهۆی كەمیی نەختینەی داراییەوە، خەرجكردنی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ مانگی ئازار دواكەوتووە و جەختدەکاتەوە، ئەوە بەتەواوەتی دوورە لە ڕاستی و پشت بە هیچ واقیعێكی فەرمی نابەستن".
ئاماژە بەوەشکراوە، فەرمانگەی ژمێریاریی بەشێوەی کردارى دەستی كردووە بە تەمویلكردنی مووچە و تەرخانكراوەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی گەیشتنی شایستەكان لە وادەی دیاریكراوى خۆیدا.
هەروەها وەزارەتى دارایی عێراق، جەختلەوە دەکاتەوە، کە دۆخی دارایی دەوڵەت سەقامگیرە و تەرخانكراوەكانی تایبەت بە چاودێریی كۆمەڵایەتی بەتەواوەتی لەچوارچێوەی بودجەدا مسۆگەرە و هیچ قەیران و كۆسپێكی دارایی بوونى نییە.
هاوکات، وەزارەتى دارایی عێراق ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ڕێکارەکانی خەرجکردن بەبێ هیچ قەیرانێکی دارایی بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت.