وەزارەتی پەروەردە شێوازی نوێی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابخانەکان ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکانەوە، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد، تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگی سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و تاقیکردنەوەکان ڕاگەیاند.

تاقیکردنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن ناکرێت

بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی نورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکانی لەسەرە، دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، ئاگاداری سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان (سیستەمی وەزارەت و نێودەوڵەتی) دەکرێتەوە کە:

١- هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەک لە ناو ناوەندەکانی خوێندن ڕادەگیرێت.

٢- بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەم مەبەستە سەردانی قوتابخانەکان بکەن.

٣- لەم قۆناغەدا تەنها پڕۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

ڕێنمایی بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان

سەبارەت بەو قوتابخانە نێودەوڵەتییانەی کە پابەندی کات و ڕێککەوتە دەرەکییەکانن، وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر قوتابخانەیەک تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و کاتەکەی بەستراوەبێتەوە بە دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بکاتەوە. ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنی کارەکان و پێدانی ئاسانکاری و ڕێگەپێدانی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانە.

ڕێکخستنەوەی پرۆسەی خوێندن

ئەم بڕیارانە کە لە ڕێکەوتی 30ـی ئازاری 2026 دەرچوون، مەبەست لێیان ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی خوێندنە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا و جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و بەردەوامبوونی خوێندن لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە.