چین: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران مەترسیدار و نابەرپرسانەیە

گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین
گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین

پەکین بە توندی ڕەخنە لە بڕیارەکەی واشنتن دەگرێت بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ کە ئەگەر بە پاساوی هاوکاریی تاران باجی گومرگی زیاتر بسەپێنێت، ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگرنەبەر.

هەڵوێستی چین بەرامبەر گەمارۆ دەریاییەکە

ڕۆژی سێشەممە، گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەستی پێکردووە، کارێکی "مەترسیدار و نابەرپرسانە"یە. جیاکون ئاماژەی بەوە کرد کە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنیا دەبێتە هۆی پەرەپێدانی گرژییەکان و لەناوبردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، هاوکات ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ناردنی چەک بۆ ئێران

سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە دابینکردنی چەک لەلایەن چینەوە بۆ ئێران دەکەن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەواڵەکەی بە "هەڵبەستراو" ناو برد. پەکین جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەست تەنیا چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چین هیچ هاوکارییەکی سەربازیی پێشکەشی تاران نەکردووە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

هۆشداری بەرامبەر سەپاندنی باجی گومرگی

گوۆ جیاکون هۆشداریی توندی دایە واشنتن و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی پرسی هاوکاریی ئێران وەک پاساوێک بۆ سەپاندنی باجی گومرگی نوێ بەسەر چیندا، ئەوا پەکین ڕێکاری پێچەوانەی توند دەگرێتەبەر. ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردبوو باجی قورس بخاتە سەر هاوردە چینییەکان ئەگەر هاوکاریی سەربازیی ئێران بکەن.